گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پێشنیاركراوە لەپاشەكەوتی مووچە قەرزی كارەبا بدرێتەوە

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا بۆ ناس كورد: پێدانی كارەبای نیشتیمانی زیاد دەكات

2019.03.23 - 20:43
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا بۆ ناس كورد: پێدانی كارەبای نیشتیمانی زیاد دەكات

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

پێدانی كارەبای نیشتیمانی بەهاووڵاتیان زیاد دەكات و وتەبێژی وەزارەت ئاماژە بەوە دەكات لەم دوو مانگەدا نزیكەی 20 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی لەشەو و رۆژێكدا دەدرێتە هاووڵاتیان.

محەمەد ئەمین هەورامی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "بەهۆی كەمبوونەوەی خواست لەسەر كارەبا پێدانی كارەبای نیشتیمانی زیاد دەكات و پێشبینی دەكەین بتوانین بەدرێژایی ئەم دوو مانگە لەشەو و رۆژێكدا نزیكەی 20 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی بدەین بەهاووڵاتیان".

ئاماژەی بەوەش كرد كە لەهەردوو مانگی نیسان و ئایاردا ئەو بڕە كارەبایە دەدرێتە هاووڵاتیان و دواتر لەگەڵ هاتنی گەرمادا كەخواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا زیاتر دەكات پێدانی كارەبای نیشتیمانی كەم دەبێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم پڕۆژەی دانانی20 ئەمپێری كە لەپارێزگای سلێمانی ئامادەكاری بۆ دەكرێت بەپڕۆژەیەكی باش ناودەبات بەو مەرجەی كە موەلیدە نەمێنێت و ببێتە یەك سەرچاوەی كارەبا بۆ هاووڵاتیان.

یەكێك لەو كێشانەی كە بەردەوام بەرپرسانی حكومەت و وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بۆ دەكەن بوونی قەرزێكی زۆری كەڵەكەبووی كارەبایە كە لەلای هاونیشتیمانانە و بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی كارەبا "پێشنیاری ئەوە كراوە كە لەو بڕە پاشەكەوتەی فەرمانبەران كە لەلای حكومەتە قەرزی كارەبا بدرێتەوە".

روونیشیكردەوە كە هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێت هاوبەشی كارەبای هاووڵاتیانی كوردستان بكرێتە كارتی زیرەك و ئەو كارە بدرێت بەكەرتی تایبەت.

وتیشی "ئەو پڕۆژەیە لەقۆناغی سەرەتادایە و چەند كۆمپانیایەكیش بۆ ئەو مەبەستە تەندەریان پڕكردۆتەوە".