کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد– فوئاد عەبدوڵا
شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لەپیرمام كۆدەبنەوە و سەرۆكی شاندی یەكێتی گەشبینی خۆی دەردەبڕێت بۆ گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ پارتی.
عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و سەرۆكی شاندی دانوستاندكاری یەكێتی تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "سبەینی (یەكشەممە) كۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەكێتی لە پیرمام بەڕێوەدەچێت وەك تەواوكاری كۆبوونەوەكانی پێشوتری هەردوولا سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان".
سەرۆكی شاندی دانوستاندكاری یەكێتی هیوایخواست كۆبوونەوەكەی سبەینێیان لەگەڵ پارتی كۆبوونەوەیەكی ئەرێنی بێت بۆ كۆتایهێنان بەپرسی پۆستەكان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنزیكترین كاتدا.
شاندی پارتی پێكهاتوون لە "كەمال كەركوكی، عەلی حسێن، عەلی عەونی، دڵشاد شەهاب و فرسەت سۆفی".
شاندی یەكێتیش پێكهاتوون لە "عیماد ئەحمەد، لەتیف شێخ عومەر، لاهور شێخ جەنگی، شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ ، باڤێڵ تاڵەبانی، رەفعەت عەبدوڵا و عەدنانی حەمەی مینا".
رۆژی 19ی ئاداری 2019 پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەشاری سلێمانی لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوونەوە و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند "كۆبوونەوەكانیان لەدوای جەژنی نەورۆز درێژە پێدەدەن".