گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەسرودی (ئەی رەقیب) كۆتایی داعش راگەیەندرا

2019.03.23 - 17:51
بەسرودی (ئەی رەقیب) كۆتایی داعش راگەیەندرا

ناس كورد-

ئەمڕۆ لەدوای بەرزكردنەوەی ئاڵای هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەباغوز (دواهەمین مۆڵگەی داعش لەسوریا)، فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات مەراسیمێكیان بۆ راگەیاندنی فەرمی كۆتایهاتنی داعش لەدێرزوور، ئەنجامدا.

لەمەراسیمەكەدا فەرماندەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات و نوێنەرانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەنجوومەنە خۆجێیەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئەنجوومەنی دیموكراتی سوریا و نوێنەرانی پارتە سیاسیەكان و سەرۆك هۆزەكانی ناوچەكە، ئامادەی بوون.

مەراسیمەكە بەسرودی (ئەی رەقیب هەر ماوە قەومی كورد) و بەنمایشێكی سەربازی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستی پێكرد.

لەمەراسیمەكەدا فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند "لە ماوەی پێنج ساڵی شەڕی دژ بە داعش، زیاتر لە 11 هەزار شەهیدمان لە هێزەكانمان لە فەرماندە و شەڕڤانەكان و هاووڵاتیانی سڤیل داوە، هەروەها 21 هەزار شەڕڤانی دیكەشمان برینداربوون".


مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) وتیشی "شانازی بەو دەستكەوتانە دەكەین كە بەدیمانهێناوە لە ئەنجامی شەڕكردنمان دژ بە داعش و قاعیدە و توانیمان پێنج ملیۆن كەس لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە دەستی تیرۆر رزگار بكەین بە سەرجەم پێكهاتەكانیانەوە، ئەویش بە ئازادكردنەوەی 52 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاكی سووریا و نەهێشتنی مەترسی تیرۆر كە هەڕشە بوو بۆسەر مرۆڤایەتی".


مەزڵوم جەختیشی كردەوە "جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە شەڕمان دژی تیرۆری داعش بەردەوام دەبێت تاوەكو سەركەوتنی یەكجارەكی بەدیدێت و بەشێوەیەكی گشتی لەنێو دەبرێت، لە هەمان كاتیشدا رای گشتی جیهان و هاوپەیمانانمان ئاگادار دەكەینەوە، كە ئێمە پێویستمان بە پاڵپشتی زیاتر هەیە بۆ دەستپێكردنی قۆناخێكی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری داعش لە رێگەی بەردەوامی هەڵمەتە سەربازی و ئەمنییە وردەكان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئامانجی لەناَوبردنی تەواوەتی و بوونی سەربازی داعش كە خۆی دەبینێتەوە لە شانەی نوستوو، كە تاوەكو ئێستاش مەترسی گەورەن لەسەر ناوچەكەمان و جیهان بە گشتی".


ئەمڕۆ (شەممە) مستەفا بالی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر رێكخراوی داعش لەسوریا راگەیاند.

هەر لەمەراسیمەكەدا عەبدولحامید میهباش هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا داوای كرد ناسناوی (هێزی ئاشتی) بدرێتە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بەهۆی ئەوەی توانییان گشت ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەژێر دەستی داعش رزگار بكەن.

میهباش وتیشی "شەڕی ئازادكردنی كۆبانی بە بەردی بناغەی ئازادكردنی هەموو ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەژمار دەكرێت و ئەم هێزە (هەسەدە) مافی وەرگرتنی نازناوی مروڤایەتی و ئاشتی لەسەر ئاستی هەموو جیهان هەیە".