گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دوو پرسی گرنگی تیادا تاوتوێ‌ دەكرێت

ناس كورد كارنامەی سبەینێی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ئاشكرا دەكات

2019.03.23 - 16:29
ناس كورد كارنامەی سبەینێی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ئاشكرا دەكات

ناس كورد-هەڤاڵ فەتاح

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجام دەدات و تاوتوێی ژێر ئاوكەوتنی بەلەمەكەی شاری موسڵ و دۆسیەكانی گەندەڵی لەپارێزگای ناوبراو دەكات.

جەمال كۆچەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بەناس كورد-ی ڕاگەیاند "سبەینێ‌ (یەكشەممە) ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەكارنامەی دانیشتنەكەیدا تاوتوێی پێشهاتەكانی شاری موسڵ و ئەو راپۆرتە دەكات كە لەبارەی دۆسیەكانی گەندەڵی پارێزگای موسڵ پێشكەشی پەرلەمان كراوە".

دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق هاوكاتە لەگەڵ داوایەكی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ لادانی پارێزگاری موسڵ و جێگرەكەی لەپۆستەكانیان.

بەوتەی كۆچەر پرسی لادانی پارێزگاری موسڵ و جێگرەكەی لەپۆستەكانیان لەدانیشتنەكەی سبەینێدا یەكلایی دەكرێتەوە.

"ئەو پرسە ئەوەندە گەورەیە سەدایەكی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، ئەگەری هەیە ئەو پرسە بخرێتە كارنامەی پەرلەمانەوە و بەدڵنیاییەوە پەرلەمان ڕاستەوخۆ بەبێ‌ ئامادەبوونی پارێزگاری موسڵ لە پەرلەمان بڕیار لەسەر دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی دەدات و بڕیاری دوورخستنەوەكەش ئەنجوومەنی پارێزگا و هێزە ئەمنییەكان و ئەو هێزە میلیشیایانە دەگرێتەوە كە بوونیان هەیە لە پارێزگاكە" جەمال كۆچەر وای وت.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەلەمێكی گەشتیاری لە یەكێك لە دوورگە گەشتیارییەكانی ڕووباری دیجلە لە شاری موسڵ ژێر ئاو كەوت و بەهۆیەوە قوربانییەكی زۆری لێكەوتەوە.
هەر لەدوای رووداوەكە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە شاری‌ موسڵ‌ بەمەبەستی‌ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە وردەكاری‌ ڕوداوەكە و نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە “سەرۆك وەزیران لەشاری موسڵەوە بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ ماتەمینی گشتی لەسەرانسەری وڵات و باڵێوزخانە و نوێنەرایەتییەكانی عێراق لە دەرەوە راگەیاند”.

هاوكات دادگای لێكۆڵینەوەی موسڵ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ نۆ كەس لە كارمەندانی بەرپرسی ئەو بەلەمە دەركرد كە دوێنێ‌ لە ڕووباری دیجلەدا ژێر ئاو كەوت.

دادگاكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ هەریەك لە خاوەنی دوورگە گەشتیارییەكە و خاوەنی بەلەمەكەش دەركراوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانیشی ڕاسپاردووە بۆ ئەنجامدانی ڕێوشوێنی پێویست.

بەرەبەیانی دوێنێ‌ (هەینی) فەرمانگەی پزیشكی دادوەری لەپارێزگای موسڵ لەدواین ئاماریدا لەبارەی رووداوی ژێر ئاوكەوتنی بەلەمەكەی شاری موسڵ رایگەیاند “تائێستا 100 تەرمی ئەو رووداوە رادەستی فەرمانگەكەمان كراوە”.

جەمال كۆچەر لەو بڕوایەدایە كە دەبوو پارێزگاری موسڵ لەدوای رووداوەكە دەستی لەكاربكێشایەتەوە نەك زۆری لێ‌ بكرێت بۆ دەستلەكاركێشانەوە.
وتیشی "لەسەر دۆسێی‌ گەندەڵی لە پارێزگای نەینەوا تەنها پارێزگار تۆمەتبار نییە بەڵكو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و هێزە ئەمنییەكان و هێزە میلشیایەكانی ئەو ناوچەیە بەرپرسیارن".