گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

جێگرەوەکەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ کێیە؟

2019.03.23 - 12:56
جێگرەوەکەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ کێیە؟

 

ناس کورد- شەهرام عەزیز

جواو فلێکس ئەو یاریزانە لاوە پرتوگالیەی لە یانەی بەنفیکای هەمان وڵات یاری دەکات و بە جوڵە و گۆڵە سەرنجڕاکێشەکانی بەشوێنگرەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ناسراوە، لە ئێستاوە زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا چاویان بڕیوەتە تواناکانی.

 

لاوە پرتوگالییەکە ناوی تەواوی جواو فلێکس سکویرایە، لە ساڵی 1999 لەدایکبووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای تۆپی پێ بووە و تەمەنی نزیکەی تەنها ٨ ساڵان بووە چووەتە ئەکادیمیای یانەی پۆرتۆ، پاش حەوت ساڵ بەردەوامبوون لەوێ پەیوەندیکردووە بە یانەی بەنفیکای هەمان وڵات و لەمساڵدا بانگهێشتی تیپی یەکەمی یانەکەی کراوە، لەم وەرزەدا بەشداری ٣٢ یاری کردووە و توانیوییەتی ١٢ گۆڵ تۆمار بکات.

 

چاودێرانی تۆپی پێ پێیانوایە، ئەم یاریزانە لاوە بەشوێن پێی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی هاونیشتیمانیدا دەڕوات و داهاتوویەکی پرشنگدار چاوەڕێی جواو فلێکس دەکات، بەوپێیەی شێوازی یاریکردن و جوڵەکانی و گۆڵەکانی هاوشێوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی خاوەنی پێنج تۆپی ئاڵتوونییە.

 

ئاستە بەرزەکەی فلێکس و تەمەنە کەمەکەی وایکردووە زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا چاو ببڕنە تواناکانی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی نوێ، لە پێش هەموویانەوە یانەی مانچستەرستی کە بەپێی هەواڵی ڕۆژنامە ئینگلیزییەکان ئامادەیە ١٢٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە تەرخان بکات و هەریەک لە مانچستەر یونایتد و لیڤەرپوڵی هەمان وڵات و هەروەها یوڤێنتوسی ئیتاڵی نزیکترین ڕکابەرەکانی مانچستەر سیتییە بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە.

 

لە دوای هەوڵی ئەو یانانە بۆ گواستنەوەی فلێکس-ی تەمەن ٢٠ ساڵ یانەی بەنفیکا لە هەوڵدایە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بەرزبکەنەوە بۆ ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ، بەڵام پیناچێت بە بەرزکردنەوەی نرخەکەی یانەکە بتوانێت ڕێگری لە ڕۆشتنی یاریزانەکە بکات، بەو پێیەی لە ئێستای دونیای تۆپی پێدا یانەکان پارەیەکی خەیاڵی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکان تەرخان دەکەن.