گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە هەڕەشەیەکی کوشتندا بۆ سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا: تۆ ئامانجی داهاتویت

2019.03.23 - 11:22
لە هەڕەشەیەکی کوشتندا بۆ سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا: تۆ ئامانجی داهاتویت

 

ناس کورد-

سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا پاش ئەو مامەڵەیەی لە گەڵ ڕوداوی هێرشە چەکدارییەکەی سەر دوو مزگەوتەکەی وڵاتەکەی کردی، ڕێز و خۆشەویستییەکی زۆری بەدەستهێنا، بەڵام لای هەندێک کەس پێچەوانەیە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە هەڕەشەی کوشتنیان بۆ ناردووە.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل) پۆلیسی نیوزلەندی لێکۆڵینەوە لە دوو نامەی تویتەر دەکات، کە لەناو ئەو نامانەدا بەتەواوی هەڕەشە لە ژیانی جاسیندا ئاردێرن سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا دەکەن، کە ئەو تاوانەی بە توندوتیژترین تاوان هەژمارکرد لە مێژوی وڵاتەکەیدا.

لە یەکێک لەو نامانەی بۆ تویتەری سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە نێردراوە کە وێنەی چەکێکی تێدایە لە گەڵیشیدا نوسراوە "تۆ ئامانجی داهاتویت" پاشان هەمان وێنەیان لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە.

ئەم وێنەیە بۆ ماوەی 48کاتژمێر لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر مایەوە پاشان کۆمپانیای تویتەر وێنەکە و هەژمارەکەشیان سڕیەوە.

سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا لە ڕۆژی یەکەمی ڕوداوەکەدا، ئەنجامدەرانی کردەوەکەی بە تیرۆرست وەسفکرد، دواتریش وتی "ناوی ئەو بکوژە لەسەر زمانم ناهێنم".

ڕۆژی هەینیش سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا بە لەچکەوە بەشداری لە ناشتنی تەرمی قوربانیەکان کرد، دەستپێکی وتارەکەشی بەوتەیەکی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد(د.خ) دەستپێکرد، کە باسی لە پێکەوە ژیان دەکرد.

ئەو هەنگاوانەی جاسیندا ئاردێرن لە جیهاندا دەنگی دایەوە بەوەی توانی دڵی موسوڵمانان و قوربانیانی ڕوداوەکە ڕابگرێت، دەزگا میدیایەکانی وڵاتەکەشی باس لەوە دەکەن ئەگەری هەیە بۆ خەڵاتی نۆبڵ کاندید بکرێت.