گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پێموانیە بارزانی بیەوێت کوڕەکەی حوکمی نیوەی هەرێم بکات

سەرکردایەتییەکی یەکێتی: بێ یەکێتی حکومەت پێکناهێنرێت چونکە خاوەنی هێزی چەکدارین

2019.03.22 - 21:37
سەرکردایەتییەکی یەکێتی: بێ یەکێتی حکومەت پێکناهێنرێت چونکە خاوەنی هێزی چەکدارین

ناس کورد- شەهرام عەزیز

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی بە دووری دەزانێت پارتی بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، دەشڵێت، یەکێتی جگە لەوەی خاوەن جەماوەرێکی زۆرە، "خاوەنی هێزی چەکداریشە".

 

محەمەد وەتمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی تایبەت بە ناس کورد-ی ڕایگەیاند: "پارتی بەبێ یەکێتی ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و سەرۆکایەتی هەرێم کارا بکاتەوە و یەکێتی بێبەش بکات لە کابینەی نوێ، چونکە یەکێتی جگە لەوەی خاوەن جەماوەرێکی زۆرە، هێزێکی زۆری چەکداریشی هەیە و بێگومان بوونی ئەوەش گرنگی خۆی هەیە".

 

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد: "پێموانیە جەنابی 'کاک مەسعود'یش بڕیارێکی لەو جۆرە بدات، چونکە کوڕەکەی ئەو دەبێتە سەرۆکی حکومەت و بڕواناکەم بیەوێت کوڕەکەی سەرۆکی حکومەتی نیوەی هەرێم بێت، هەروەها برازاکەشی دەبێتە سەرۆکی هەرێم دیسان نایەوێت برازاکەشی سەرۆکی نیوەی هەرێم بێت".

 

بە وتەی ئەو سەرکردایەتییەی یەکێتی، ئەگەر پارتی هەوڵێکی وابدات و بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت ئەوا حکومەتی "نیوەی" هەرێم دەبێت.

 

"بەپێی ئەنجامی دوا کۆبوونەوەی نێوانمان ئومێدمان هەیە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی، کە پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە گفتوگۆکان بکەینەوە"، محەمەد وەتمان وای وت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێك بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایانگەیاندووە كە بەبێ‌ یەكێتیش دەتوانن یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەموار بكەنەوە و سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێرن و ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاندبوو: " ئەگەربەمنزیکانە لەگەڵ یەکێتی نەگەنە ڕێکكەوتن لەوە زیاتر چاوەڕان نابن و دەست بەهەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەكەن".

پاش واژووکردنی ڕێککەوتن لە نێوانیاندا، بەڵام پاتی و یەکێتی هێشتا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم نەگەیشتونەتە ئەنجام و لە دواین کۆبوونەوەشیاندا لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەردوولا ڕایانگەیاند "ڕێککەوتون لەسەر ئەوەی پاش نەورۆز کۆبوونەوەکانیان درێژەی هەبێت".