گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خەلافەتەكەی داعش ڕووخا

ئەبوبەكر بەغدادی لەكوێیە؟

2019.03.22 - 10:03
ئەبوبەكر بەغدادی لەكوێیە؟

ناس كورد-فوئاد عەبدوڵا

لەدوای ئازادكردنی دواهەمین مۆڵگەی داعش لەسوریا لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و كەوتنی یەكجارەكی "خەلافەت"ی ئەو رێكخراوە لەسوریا، ئەوەی كە لەئێستادا جێگەی پرسیارە چارەنووسی ئەبوبەكر بەغدادی بەناو ئەمیری ئەو رێكخراوەیە.

چارەنووسی ئیبراهیم عەواد ئەلبەندەر ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) لە ناو خەڵكی عێراقدا جێی گومان وپرسیارە.

ئەوان دەپرسن "كەسێكی تاوانبار بە بێسەرو شوێنكردن وقڕكردنی ملیۆنەها كەس و وێران كردنی دەیان شاری عێرق وسوریا چون ئاوا بە نادیاری ماوەتەوە و عێراقییەكان ترسیان لەوە هەیە جارێكی تر ولە دوای كۆتایی هاتنی شەڕی باغوز لە وڵاتەكەیان دەربكەوێتەوە و شانە نوستووەكانی ڕێكبخاتەوە و تۆڵە لە خەڵكی عێراق بكاتەوە" .

ئاژانسەكانی هەواڵ لەساڵی 2014 و دەركەوتنی ئەو رێكخراوە 18 جار هەواڵی برینداربوون یاخود كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادیان بڵاوكردۆتەوە لە ئەنجامی بۆردومانەكانی ئەمریكا و ڕوسیا لەعێراق و سوریا ، بەڵام هیچیان پشتڕاست نەكرایەوە.

تەنانەت خودی ئەبوبەكر بەغدادی بەدرێژایی ئەو ساڵانە تەنها یەك جار بەئاشكرا دەركەوت ئەویش لەتەمووزی 2014دا لەمزگەوتێكی شاری موسڵ و دوای ئەوە چارەنووسی بە نادیاری مایەوە.

لێكدانەوەی زۆر و جیاواز لەبارەی چارەنووسی بەغدای لەئارادایە، هەندێك پێیان وایە كە ڕەنگە گەڕابێتەوە بیابانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار یان لە دوای پەرتەوازەبوونی هێزەكەی لە عێراق و سوریا لە شوێنە دوورە دەستەكانی پارێزگای نەینەوا خۆی حەشار دابێت.
هەروەها زۆرێك لە دەزگا هەواڵگرییەكانی جیهان پێیان وایە كە بەغدادی شێوەی خۆی گۆریوە و هەڵسوكەوت وهاتووچوی وەك هاوڵاتییەكی سادە بێت.

هەندێكی تر زیاتر لەوە دەڕۆن و لەو بڕوایەدان بەغدادی بریندارە و خەڵكانێك لەنێوخۆی عێراق یارمەتی دەدەن بەو پێیەی بەشێكی زۆری سەركردە باڵاكانی داعش بەڕەگەز عێراقی بوون، هەرچی بەرپرسە رووسییەكانیشە لەو بڕوایەدان "ئەمیر"ی رێكخراوی داعش كوژراوە و لەژیاندا نەماوە.
دوێنێ‌ (پێنجشەممە) ئاژانسی هاوار نیوز نزیك لە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە زاری پەیامنێرەكەیەوە بڵاویكردەوە "هێزەكانی سوریای دیموكرات بەتەواوی گوندی باغوزیان لە چەكدارەكانی داعش ئازادكردووە، بەو پێیەش شەڕی لەناوبردنی تیرۆر كۆتایی هات".