گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ترەمپ و کیم خوانی سەرکەوتن ـیان نەخوارد

2019.02.28 - 11:07
ترەمپ و کیم  خوانی سەرکەوتن ـیان نەخوارد

 

ناس کورد-

دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆن ئون "خوانی سەرکەوتن"ـیان نەخوارد و ئەو هۆتێلەیان جێهێشت کە بڕیاربوو دوای گەیشتنە ڕێککەوتن نانی نیوەڕۆی لێ بخۆن، کۆشکی سپیش نەگەیشتنە ڕێککەوتنی هەردوو سەرۆکەکەی ڕاگەیاند.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکوور شکستیان هێنا لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی داماڵینی کۆریای باکوور لە چەکی ئەتۆمی، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی ئەمریکا.

پێشتر لەکاتی گەیشتنیان بۆ کۆبوونەوەی لوتکە لە وڵاتی ڤێتنام، هەردوو سەرۆکەکە هیوایان خواست بتوانان گەشە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بدەن، بەڵام پێدەچێت واقعی سەر مێزی گفتوگۆکان لەگەڵ هیواکانیان یەکی نەگرتبێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، "هەردوو سەرۆکەکە ڕێگای جیاوازیان تاوتوێ کردووە لەبارەی بەرەوپێشچوونی داماڵینی چەکی ئەتۆمی و پەیوەندییە ئابوورییەکان. بەڵام لەم کاتەدا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، بەڵام تیمەکانی هەردوو لا هیواخوازن لە داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام بدەن."

پێشتر کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو کە ترەمپ بە هاوبەشی لەگەل کیم جۆن "مەراسیمی هاوبەشی واژۆکردنی ڕێککەتننامەکە" ئەنجام دەدات.

هەردوو سەرۆکەکە دوای شکستهێنانی گفتوگۆکانیان، هۆتێلی مێترۆپۆلی-یان جێهێشت کە بڕیاربوو پێکەوە خوانی نیوەڕۆی لێبخۆن و گەڕانەوە شوێنی حەوانەوەی خۆیان.

ئەمە دووەمین جارە دۆناڵد ترەمپ و کیم جۆن ئون کۆببنەوە، ئەوەش دوای زنجیرەیەک لە هەڕەشەکردنی هەردوو لا هات بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئەوی تر.