گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواهەمین مۆڵگەی داعش بوو لەسوریا

هەسەدە ئازادكردنی باغوزی راگەیاند

2019.03.21 - 10:40
هەسەدە ئازادكردنی باغوزی راگەیاند

ناس كورد-

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كە لەلایەن وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پشتیوانی و هاوكاری دەكرێن، ئازادكردنی گوندی باغوزی راگەیاند.

میدیاكانی نزیك لە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاویان كردەوە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) گوندی باغوز كە بەدواهەمین مۆڵگەی رێكخراوی داعش لەسوریا دادەنرا، بەتەواوەتی لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە ئازادكرا.
راگەیەندراوەكە لەكاتێكدایە كە لەمیانەی ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەكۆشكی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا نەخشەیەكی بچووكی نیشانی رۆژنامەنووساندا و وتی “رەنگە سوورەكانی نێو ئەم نەخشەیە ئەو شوێنانە دەردەخات كە لەشەوی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەساڵی 2016دا بەدەست رێكخراوی داعشەوە بووە و نەخشەی بڵاوبوونەوەی داعش دەردەخات”.

روونیشیكردەوە “ئەمەی خوارەوە هەمان نەخشەیە بەبێ‌ بوونی رەنگی سوور، لەراستیدا تەنها خاڵێكی بچووكی سوور ماوە و پێدەچێت هەر ئەمشەو ئەوەش لەناوبچێت”.

هەروەها لەمیانەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە “نزیكەی 400 سەربازی ئەمریكا لەسوریا دەمێننەوە”.

پێشتریش لەچەند هەفتەی رابردوودا ترەمپ چەند جارێك ئەوەی راگەیاندووە كە كۆتایی رێكخراوی داعش لەئان و ساتدایە و راگەیاندنی سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر ئەو رێكخراوە زۆر نزیكە.