گه‌ڕان

Shadow Shadow
ناس نیوز

ئەشواق جاف بۆ ناس: کاندیدکردنی قوباد تاڵەبانی بۆ سەرۆکی هەرێم تەنها لە فەیسبووکدایە

2019.02.28 - 09:10

ناس کورد-

 

ئەشواق جاف، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت تا ئێستا لە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتیدا باس لە کاندیدکردنی قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم نەکراوە، دەشڵێت تا دۆخی کەرکوک ئاسایی نەکرێتەوە، هەر پارێزگارێکی بۆ دابنرێت دەسەڵاتی نابێت.

 

ئەشواق جاف بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "هەموو هاوڵاتییەک ئەگەر مەرجەکانی تێدا بێت بۆی هەیە خۆی کاندید بکات بۆ هەر پۆستێک لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا، بەڵام بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستانە شیاستەی سیاسیی و هەڵبژاردن و ڕێککەوتنی سیاسیی ئەوە دەکات."

لەبارەی دەنگۆی بوونی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، ئەشواق جاف وتی: "کاندیدکردنی بەڕێز قوباد تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەنها لەفەیسبووک دەیبینین و بەشێوەیەکی فەرمی لە کۆبوونەوەکانی ڕابردووی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی باس نەکراوە، لە چەند ڕۆژی داهاتووش کۆبوونەوە هەیە و یەکێک لەو بابەتانەی باس دەکرێت رێککەوتنی هەردوو لایەنە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو."

 

لەبارەی وەزارەتی دادی حکومەتی عێراق و ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەوبارەیەوە، پەرلەمانتارەکەی پێشووی عێراق وتی "سەرۆک وەزیران پشتی بەستووە بە شایستەی هەڵبژاردن، کەواتە هەر حزبێک چەند کورسی هێناوە لە پەرلەمان، لەبەرامبەر ئەوە خاڵی دەبێت، بەپێی ئەو خاڵانە پۆستی پێ دەدرێت، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی شایستەی هەڵبژاردن ئەو پۆستە دەبێت بدرێت بە ئێمە  کە وەزارەتی دادە."

خاڵێکی دیکەی ناکۆکی نێوان دوو حزبە باڵادەستەکەی هەرێم بابەتی پارێزگاری کەرکوکە، لەوبارەیەوە ئەشواق جاف ڕایگەیاند: "پێم وایە ئەو پارێزگایە تا ئێستاش عەسکەرتاریەتی تێدایە، واتە ژیانی ئاسایی تێدا نییە، بۆیە دەبێت یەکەم خاڵ ڕەوشی ئەم پارێزگایە ئاسایی بکرێتەوە، ئەم عەسکەرتارێتییە لاببرێت و ژیانی ئاسایی بەشێوەیەکی مەدەنی بگەڕێتەوە بۆ ئەم پارێزگایە و دواتر پارێزگارێکی بۆ هەڵبژێرین، چونکە ناکرێت تۆ پارێزگارێکی بۆ دابنێیت و دەسەڵاتی نەبێت."

بە یەکێتیمان وتووە یەکەم هەنگاو دەبێت دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە دواتر ڕێککدەکەوین لەسەر ناوی پارێزگارێک، بە برادەرانی یەکێتیمان وتووە خۆیان ناوەکە هەڵبژێرن بەڵام ئێمەش دەبێت وەک پارتی ڕەئمان هەبێت لەسەر ئەو کەسەی دەبێتە پارێزگاری کەرکوک."