گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاتووچۆی دووکان پلانێکی بۆ دروستنەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ سبەینێ داناوە

2019.03.20 - 21:24
هاتووچۆی دووکان پلانێکی بۆ دروستنەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ سبەینێ داناوە

 

 

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دوكـان ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی بۆ ئەوە دەكرێت نەورۆزی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیاتر ئۆتۆمبێل ڕووبكاتە شارۆچكەكە، بۆیە بەمەبەستی دروستنەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ ڕێگری لە هاتووچۆی بارهەڵگرەكان بۆ ناو شارۆچکەکە دەكرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دوكـان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، بۆ ئەوەی ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ گەشتیاران دروست نەبێت بڕیاردرا بە ڕێگریكردن لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ چوونە ناو شارۆچکەکە لە كاتژمێر 12ی ئەمڕۆ بۆ كاتژمێر 12ی شەوی 21ی ئازاری 2019.


ئاماژە بەوەشکراوە، بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت لە هیچ دەروازەیەكەوە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەناو گەشتیاراندا تێپەڕ بێت و داخڵی ناو شارۆچكەی دوكان بێت، بۆیە داواكارن لە شۆفێران هاوكاربن لە پێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و گەشتیاران.


هاتووچۆی دوکان پێشبینی ئەوەشی کردووە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیاتر ئۆتۆمبێل ڕووبكاتە شارۆچكەكە، كە ساڵانە لەكاتی نەورۆزدا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دوكـــان پلانی تایبەتیان هەیە بۆ هاتن و ڕۆیشتن تا ئاستەنگی هاتووچۆ دروست نەبێت.