گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یەکێتی یاریی بە کات دەکات

گۆڕان دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ یەکێتی نابێت

2019.03.20 - 20:45
گۆڕان دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ یەکێتی نابێت

 

 

 

ناس کورد-

 

یەکێتی نیشتیمانی داوای پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم لە پارتی دەکات و گۆڕانیش پۆستەکە بە مافی خۆی دەزانێت و ڕەتیدەکاتەوە ڕازیبن بدرێتە یەکێتی.

 

لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، شاندی یەکێتی بە فەرمی داوای پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمیان لە پارتی کردووە کە ئەو پۆستە بەپێی ڕێکەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان دراوەتە گۆڕان.

 

لەبەرامبەر ئەمەدا بزووتنەوەی گۆڕان ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری پۆستەکە بن بۆ یەکێتی.

هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە و بەپێی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان دراوە بە ئێمە".

 

"ئەو ڕێکەوتنەی لە نێوان گۆڕان و پارتی-دا کراوە سەبارەت بە پۆستەکانی گۆڕان بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکاری تێداناکرێت و کۆتایی هاتووە،" هێمن شێخانی وای وت.

 

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان وتیشی: "یەکێتی کێشەی کەمیی پۆستیان نییە، ئەوان بەکێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێنن، بۆیە یاری بە کات دەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دوابخەن، تاوەکو کێشەکانیان چارەسەر دەکەن و کاندیدەکانیان یەکلایی دەکەنەوە."

 

ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی ڕێکەوتنەکانی پێشووی پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتیدا، بڕیاربوو پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بدرێت بە یەکێتی و پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم بدرێت بە بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام لە دوای کۆبوونەوەکەی 18/2/2019ی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەبێ یەکێتی، هاوکات وەرگرتنی پۆستەکە لەلایەن ڤالا فەرید، لەسەر پشکی پارتی بەشێوەیەکی کاتی، بەرپرسانی یەکێتی باس لەوەدەکەن کە چیتر ئەو پۆستەیان ناوێت.