گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

برەو بەكەرتی گەشتوگوزاری هەرێم دەدرێت

گەشتوگوزاری هەرێم: ئەمساڵ ڕێژەی گەشتیاران زۆر زۆرتر دەبێت لەساڵی ڕابردوو

2019.03.20 - 15:30
گەشتوگوزاری هەرێم: ئەمساڵ ڕێژەی گەشتیاران زۆر زۆرتر دەبێت لەساڵی ڕابردوو

ناس کورد-سۆما ئەمجەد


دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان سێ‌ پلانی تایبەت بە بوژانەوەی كەرتی گەشتوگوزار لەهەرێم ئامادەكردووە و دەیانەوێت كوردستان بكەن بەناوەندێك بۆ كەرنەڤاڵەكانی نەورۆز لەسەر ئاستی جیهان.

نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند " نەورۆزی رابردوو نزیكەی 243 هەزار گەشتیار روویان لەهەرێمی كوردستان كرد و جێگای دڵخۆشیە کە ئەمساڵ ڕێژەی گەشتیاران زۆر زۆرتر دەبێت لەساڵی ڕابردوو".

رۆستی كەشوهەوای سروشتی كوردستان و كەشوهەوای سیاسی و دبلۆماسی و پەیوەندیی هەرێم و بەغدا و باشبوونی ئابوری هەرێمی كوردستان بەگونجاو و لەبار دەزانێت بۆ گەشەپێدان بە كەرتی گەشتیاری هەرێمی كوردستان و لەو بڕوایەدایە كاریگەرییان دەبێت لەسەر زیادبوونی جموجۆڵی گەشتیاری لەنەورۆزو بەهاردا.

وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان گلەیی لەو هاووڵاتیانە كرد كە لەكاتی گەشتكردندا زبڵ و خاشاك بەسروشتی كوردستان بڵاودەكەنەوە و وتی "پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز تەنها لەو هاوڵاتیانە دەکەین کە نیشتیمان دۆستن و پارێزگاری لە ژینگە و سروشتی هەرێمی کوردستان دەکەن".

وتیشی "ساڵانە کۆمەڵێک هاوڵاتی زۆر بێزارمان دەکەن لەو کاتەی گەشت دەکەن دەشتودەر پڕلە زبڵ و خاشاک دەکەن بەڕاستی ئەمە ڕەوشتێکە دورە لە ڕەوشتی کورد ونیشتیمانپەروەری و دەبێت ئەم هاوڵاتیانە بەخۆیاندا بچنەوە، پێشمەرگە خوێن لەسەر خاک دەڕێژێت ئەوان زبڵ و خاشاک لەسەر خاک دەڕێژن".

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ساڵانە و لەكاتی جەژنەكانی نەورۆز و بەهاردا ئامادەكاری دەكات بۆ هاتنی گەشتیاران و برەودان بەكەرتی گەشتیاری هەرێم و گەشتیارێكی زۆر لەناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و رۆژهەڵاتی كوردستانەوە دێنە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان.