گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە نەورۆزدا کامێراکانی هاتووچۆ کاردەکەن

هاتوچۆی سلێمانی: لە نەورۆزدا ئاڕاستەی هاتوچۆی چەند رێگەیەك دەگۆڕدرێت

2019.03.19 - 13:05
هاتوچۆی سلێمانی: لە نەورۆزدا ئاڕاستەی هاتوچۆی چەند رێگەیەك دەگۆڕدرێت

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

لەرۆژانی جەژنی نەورۆزدا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بۆ كەمكردنەوەی لۆد و رێكخستنی هاتوچۆ، چەند رێگەیەك دادەخات و ئاراستەی ژمارەیەك رێگەی تر دەگۆڕێت.

 

كاروان مەحمود وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەكات : "هاتوچۆی ناوشار مەفرەزەكانی لە سنوری شاری سلێمانی دابەشدەكات بەسەر شوێنە گەشتیارییەكان‌ و ئەو شوێنانەی لۆد‌و قەرەباڵغی زۆریان لەسەرە".

 

كاروان مەحمود روونیشیدەكاتەوە: "سەرجەم ڕێگە لاوەكییەكانی كە دێتەوە سەر شەقامی سالم لە شەوی (19) لەسەر (20) دادەخرێن، تەنها ڕێگەی سەرەكی شەقامی سالم كراوە دەبێت، هەروەها ڕۆژی (20/3) كاتژمێر ( 3 ) پاش نیوەڕۆ شەقامی سالم لە باخی گشتییەوە تا پردی خەسرەو خاڵ بە ڕووی ئۆتۆمبێلدا دادەخرێت‌و تەنها بۆ هاوڵاتیان واتە پیادەڕەو كراوە دەبێت".

 

لەبارەی ئاراستەی هاتوچۆ بەرەو شارباژێر، وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات: "ڕۆژی (21/3) لە ڕێگەی سلێمانی بەرەو شارباژێر ‌و تونێلی پێشڕەو، ئاڕاستەی ئۆتۆمبێل بەپێی لۆد‌و قەرەباڵغی دیاریدەكرێت، لە كاتژمێر ( 5 )ی ئێوارەوە ئۆتومبێل تەنها دەتوانێت لە تونێلی پێشڕەو بەرەو سلێمانی بگەڕێتەوە، چونیش بۆ شارباژێر لە ڕێگەی چیای ئەزمەڕەوە دەبێت".

 

هۆشداری ئەوەش دراوەتە شۆفێران كە لەو بۆنەیەدا خۆیان بەدووربگرن لەتیژڕەوی بەهۆی ئەوەی "كامێراكانی چاودێریكردنی خێرایی هاوشێوەی ڕۆژانی پێشوو لە ئەرك‌ و فەرماندا دەبن".

 

بەپێی راگەیەندراوەكە بەكارهێنانی شانی ڕێگا (سەرخۆڵ) بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە‌و سەرپێچیكار دووچاری لێپرسینەوەی قورسی یاسایی دەبێتەوە.

داواش لەهاووڵاتیان و شۆفێران كراوە لەكاتی دروستبوونی هەر ڕووداوێكی هاتوچۆ ‌و  گرفت ‌و ئاستەنگی هاتوچۆیدا، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارە (188)ی كۆنترۆڵی هاتوچۆوە بكەن.