کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز حکومەتی عێراق بڕیاریدا بورجی هێڵەکانی ئیتەرنێت و تەلەفۆن لەسەربانی باڵەخانە و ماڵەکان لاببات و وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمیش ڕەتیدەکاتەوە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. . بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکومەتی عێراق کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە، بڕیاردراوە بورجەکانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لەسەربانی بینا و ماڵەکان و شوێنەکانی نیشتەجێبوون لاببرێن و شوێنەکانیان بگۆڕدرێن. . لەبارەی ئەوەی بڕیارەکە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یاخود نا، ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " ئەو بڕیارە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم وەزارەتێکی سەربەخۆیە و سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمە". . وتیشی، ئەگەر حکومەتی عێراق، داواش بکات کە لە هەرێمیش بڕیارەکە جێبەجێبکرێت، ئەوا پێویستە داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بکات و ئەوانیش ڕەزامەند بن لەسەر بڕیارەکە، ئەوکات لە هەرێمیش جێبەجێدەکرێت. . وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستانیش بێسەرەوبەرەیی لە دانانی بورجەکاندا هەیە و ڕێژەیان زۆر زۆرە، هەرچەندە چەند کۆمپانیایەک دەتوانن پێکەوە بورجێک دابنێن، نەوەک هەریەکە و بۆ خۆیان، کە ئەوە لە قازانجی خۆشیانە.