گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

خۆ لەبەرەی شەڕدا نیین هێز ببەین

قائیمقامی قەزای كۆیە بۆ ناس كورد: لە سماقوڵی هێزمان بڵاوە پێ‌ نەكردووە

2019.03.19 - 11:24
قائیمقامی قەزای كۆیە بۆ ناس كورد: لە سماقوڵی هێزمان بڵاوە پێ‌ نەكردووە

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

ئەندامێكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات لە بازگەی سماقوڵی لەلایەن هێزێكی چەكدارەوە رێگری لەو تیمانەیان كراوە كە بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگەكە ناردبوونیان و قایمقامی قەزای كۆیەش رەتیدەكاتەوە "هیچ هێزێكیان لەو سنورە بڵاوە پێ‌ كردبێت".

 

سیروان بابان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی سەرۆكی جوڵانەوەكەمان ڕایگەیاند لە 12 كاتژمێردا ڕێگای سەر پردی سماقوڵی چاكدەكەین و شەوی ڕابردوو تیمێكمان ڕەوانەكرد بۆ ئەنجامدانی كارەكە، بەڵام لەلایەن ‌هێزێكی تایبەتەوە ڕێگریمان لێكرا لەوەی دەست بە كارەكانمان بكەین".

وتیشی: "ئەو هێزەی هێنراون ئێستاش لەوێن و كەس نازانێت زێرەڤانین، سواتن یاخود دژە تیرۆر".

 

لەكاتێكدا بڕیار بوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە) تیمی ئەندازیاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ رێگەی سماقوڵی چاك بكەنەوە  كە ماوەیەكی زۆرە بەهۆی خراپی رێگاكەوە بەربەست بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دروست كردووە، بەوتەی میدیاكانی ئەو جوڵانەوەیە "لەلایەن هێزێكی زۆری چەكدارەوە رێگرییان لێكراوە بەئەركەكانیان هەستن".

 

حاكم تاریق قایمقامی قەزای كۆیە رەتیكردەوە لەو سنورەی كە میدیاكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ باسی دەكەن هێزیان بڵاوە پێ‌ كردبێت و تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "خۆ لەبەرەی شەڕدا نیین هێز ببەین، تەنها دوو ئۆتۆمبێلمان بردووە و رێگەكەمان بڕیوە بۆ ئەوەی تیمی ئاوەدانكردەوە كاری خۆیان بكەن".

 

بەوتەی قایمقامی قەزای كۆیە لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە)ەوە تیمەكانی ئاوەدانكردنەوە دەستیان كردووە بە كاركردن لەرێگەكەدا.

 

پڕۆژەی بەنداوی سماقوڵی دەكەوێتە دۆڵی سماقوڵی سەر بە قەزای كۆیە و بەنداوەكە یەكێكە لە پڕۆژەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەكانی هەولێر و رێگەی هاتوچۆی سەر بەنداوەكە بودجەی بۆ تەرخان كراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمەوە جێبەجێكردنی دواكەوتووە و بەو هۆیەوە لەوەرزی زستاندا بەربەست بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دروست دەكات.

قایمقامی قەزای كۆیە روونیدەكاتەوە كە مانگ و نیوێك پێش ئێستا پڕۆپۆزەڵ و دیزاینیان بۆ پڕۆژەكە بردۆتە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەكان داوایان كردووە "چارەسەرێكی كاتی بۆ رێگەی هاتوچۆی هاووڵاتیان لەسەر بەنداوەكە بكەن هەتاوەكو پردەكە تەواو دەبێت".

 

تاریق حەیدەری وتیشی: "كۆی پڕۆژەكە بڕی ملیارێك و 300 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە و دوای هەوڵ و كۆششی ئێمە پارەكە تەمویل كراوە و دراوەتە كۆمپانیا كە كاری تێدا بكات، بەڵام ئەو كەشوهەوایەی كە ئێستا لەكوردستان هەیە دەرفەتی نەدا دەست بەجێبەجێكردنی بكرێت بەڵام لەمانگی نیساندا دەست بەكاركردن لەپردە گەورەكەش دەكرێت".

 

رۆژی 17ی ئاداری 2019، سەبارەت بە خراپی رێگای هاتوچۆی سماقوڵی، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "ئەگەر رێگری لێ‌ نەكەن لەماوەی 12 كاتژمێردا رێگای سماقوڵی چاك دەكەن".

 

"ئەو بەنداوە دیزاینێكی تایبەت بەخۆی هەیە و ناكرێت خاوەن سەرمایەیەك و هەر كەس لەخۆیەوە بچێت دەستی تێوەربدات و بەئارەزووی خۆی چاكی بكات" تاریق حەیدەری قایمقامی قەزای كۆیە وای وت.

وتیشی: "هەر كەس دەیەوێت هاوكاری حكومەت بكات دەكرێت سەردانی دامودەزگاكانی حكومەت بكات و بۆ ئەو مەبەستە دەرگای ئێمەش لەسەر پشتە و پێشوازی لەهەر دەستپێشخەرییەكی باش دەكەین".