گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یەکێتی وادەزانێت پارتی حزبی حەوتەمە

بەرپرسێکی پارتی: چیتر چاوەڕێی یەکێتی ناکەین و حکومەت پێکدەهێنین

2019.03.19 - 11:08
بەرپرسێکی پارتی: چیتر چاوەڕێی یەکێتی ناکەین و حکومەت پێکدەهێنین

 

 

ناس کورد- شەهرام عەزیز

بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێکی دانوستانکاری پارتی سەردانی شاری سلێمانی بکەن و سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەت لەگەڵ وەفدێکی یەکێتیدا کۆببنەوە، ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتیش ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر یەکێتی داواکارییەکانی کەم نەکاتەوە لە دوو هەفتەی داهاتودا حکومەت پێکدەهێنین.

 

بە گوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 19/3/2019 وەفدێکی پارتی کە پێکهاتوون لە (د.کەمال کەرکووکی، هێمن هەورامی، فرسەت سۆفی، عەلی حوسێن، دڵشاد شەهاب و کاکەمین نەجاڕ) سەردانی شاری سلێمانی بکەن و لەگەڵ وەفدێکی یەکێتی کۆببنەوە، کە (ڕەفعەت عەبدوڵڵا، عیماد ئەحمەد، لاهور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی، عەدنانی حەمەی مینا و شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ) لە وەفدەکەی یەکێتیدان، کۆبوونەوەکەش بۆ گەڕێکی تری قسەکردنە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەت.

 

لەبارەی کۆبوونەوەکەوە نوری حەمە عەلی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "بۆ ڕێککەووتن پێویستە برادەرانی یەکێتی داواکارییەکانیان کەمبکەنەوە، ئەوەی ئەوان داوای دەکەن وای دەردەخات پارتی حزبی حەوتەم بێت لە کوردستان نەک یەکەم".

 

ئەو سەرکردایەتییەی پارتی دەشڵێت: "دابەشکردنی پۆستەکان بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردنە و هەر لایەنێک بەپێی قەبارەی کورسییەکانی پۆستی پێدەدرێت، ئەگەر وانەبێت کەواتە هەڵبژاردن سودی چییە؟".

نوری حەمە عەلی ئاماژە بەوە دەکات، پارتی موراعاتی یەکێتی کردووە و کۆمەڵێك پۆستی "لە قەبارەی خۆیان زیاتری پێداون"، بۆیە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن پێویستە ئەوانیش داواکارییەکانیان کەمبکەنەوە.

 

"ماوەی دوو هەفتە دیاریکراوە و ئەگەر یەکێتی نەیەوێت ڕێککەوتن بکات، ئەوا چیتر چاوەڕوانیان ناکەین و لە پەرلەمانەوە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کارا دەکەینەوە و دەست بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەین، وەک چۆن سەرۆکایەتی پەرلەمانیشمان بەبێ یەکێتی پێکهێنا" بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی.

 

لە دوایین کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا لە بەرواری 16/3/2019، ئەو حزبە بڕیاریدا بە دروستکردنی وەفدێک بۆ قسەکردن لەگەڵ پارتی بۆ ئەوەی ڕێکبکەون "یەکێتی بەشداریکی ڕاستەقینەی حکومەت بێت لە ڕوی دارایی و ئیداریشەوە".