گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

میدیای نەوەی نوێ‌: هێزێكی زۆری چەكدار لەسەر رێگای سماقوڵی بڵاوەی پێكراوە

2019.03.19 - 08:56
میدیای نەوەی نوێ‌: هێزێكی زۆری چەكدار لەسەر رێگای سماقوڵی بڵاوەی پێكراوە

 

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

لەكاتێكدا بڕیار بوو كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە) تیمی ئەندازیاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ رێگەی سماقوڵی چاك بكەنەوە  كە ماوەیەكی زۆرە بەهۆی خراپی رێگاكەوە بەربەست بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دروست كردووە، بەوتەی میدیاكانی ئەو جوڵانەوەیە "لەلایەن هێزێكی زۆری چەكدارەوە رێگرییان لێكراوە بەئەركەكانیان هەستن".

 

درەنگانێكی شەوی رابردوو میدیای جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بڵاوی كردەوە "هێزێكی زۆری چەكداری لەسەر ڕێگای سماقوڵی بڵاوەی پێكراوە و ڕێگاكەشیان بە ڕووی هاوڵاتیاندا داخستووە".

 

بەپێی هەواڵی میدیاكانی ئەو جوڵانەوەیە: "بەهۆی ناردنی چەند پێداویستییەك لەلایەن نەوەی نوێ بەمەبەستی چاككردنی ڕێگاكە بۆ نزیك بەنداوی سماقوڵی، هێزێكی چەكدار ڕێگری لەگەیشتنی ئەو كەلوپەل و ئۆتۆمبێلانە كردووە و گەڕاندویانەتەوە".

 

لەهەواڵەكەشیاندا ئاماژەیان بەوە كردووە "تیمە ئەندازیارییەكەی نەوەی نوێ ئاماژەیان بەوەكردووە: لەكاتی گەیشتنی كەرەستە و ئۆتۆمبێلەكان هێزێكی زۆری چەكدار لە دەوروبەری بەنداوەكە بڵاوەیان پێكرابوو بەو هۆیەوە هەموو كەرەستەكان كە گواسترابوونەوە گەڕێندراونەتەوە".

 

لەبارەی "رێگریكردن" لەتیمەكانی نەوەی نوێ‌، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لە هەژماری خۆی لەفەیسبوك نووسینێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەكات كە عەقڵییەتی حیزبی و وێرانكاری ئەم وڵاتەیان وێران كردوە و پرسیار لەكۆكردنەوەی ئەو هێزە چەكدارە دەكات لەسماقوڵی و  دەپرسێت "تێناگەم یەكێتی ئەم شاگردی و خزمەتكاریەی چییە بۆ پارتی دەكات، تا ئەو هەموو هێزەی كۆكردۆتەوە لە سنوری سماقوڵی؟؟ شەڕی داعشە یان چی؟".

 

ئاماژە بەوەش دەكات "وڵاتێكتان وێران كردوە، دە لێمان گەڕێن، وەك خۆتان وێرانكەر و بێ شعور و بێ هەڵوێست و فاشیلن، بهێڵن خەڵكی تر خزمەتی وڵاتەكەی بكات".

 

رۆژی 17ی ئاداری 2019، سەبارەت بە خراپی رێگای هاتوچۆی سماقوڵی، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "ئەگەر رێگری لێ‌ نەكەن لەماوەی 12 كاتژمێردا رێگای سماقوڵی چاك دەكەن.

 

ئەم راگەیەندراوەی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە و هەبوو دەستخۆشی لێكرد و هەشبوو وەك "موزایەدەی سیاسی" لێی ڕوانی.