گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هیچ لایەنێک چاودێری کارنامەى حکومەت ناکات.. پەرلەمانی کوردستان وەها لیژنەیەکی پێویستە؟

2019.09.09 - 16:36
App store icon Play store icon Play store icon
هیچ لایەنێک چاودێری کارنامەى حکومەت ناکات.. پەرلەمانی کوردستان وەها لیژنەیەکی پێویستە؟

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد - هۆرڤان ڕەفعەت زۆرترین لێدوان و قسەى سەرۆک و وەزیرەکانی کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێم لە چوارچێوەى کارمەنامەى حکومەتدا خولاونەتەوە، گشتگیرترین قسەى ئەوان، پابەندبوونە بە کارنامە و ئەو پلانانانەى کە حکومەت دەیەوێت ئەنجامی بدات. بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە، تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمی نییە بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی کارنامەى حکومەت، ئەگەرچی ئەرکی سەرەکی پەرلەمان چاودێریکردنە، بەڵام هیچ لیژنەیەکی تایبەتمەندی نییە بۆ ئەو پرسە. خولی ئێستای پەرلەمانی کوردستان، خولی پێنجەم، 15 لیژنەی هەمیشەیی هەیە، سەرجەم پەرلەمانتارانیش دەیانەوێت لەڕێگای پەرلەمانەوە چاودێری کاروبارەکانی حکومەت بکەن. بەڵام بەپێچەوانەوە، پەرلەمانی عێراق لە خولی چوارەمیدایە و خاوەنی 329 ئەندام و 23 لیژنەی پەرلەمانییە، چوار لەو لیژنانە نوێن کە یەکێکیان لیژنەی "چاودێری جێبەجێکردنی بەرنامەی حوکمی و پلاندانانی ستراتیژی"ـە و لەم خولەی پەرلەماندا دروست بووە. . ناس کورد بەدواداچونێکی تایبەتی بۆ کاروباری ئەو لیژنە نوێیە کردوە و بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ناس کورد کەوتوە، کاری ئەو لیژنەیە بەدواداچون و لێکۆڵینەوەیە لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی عیراق. بەپێی ئەو ڕێنماییانەی بۆ کاروباری لیژنەکە دیاریکراوە، لیژنەکە ڕاپۆرتی خولی دەبێت لەبارەی ئاست و ڕێژەی جێبەجێكردنی ئەو  كارنامەیەی سەرۆک وەزیران بۆ حکومەت دایناوە و پێویستە حكومەتیش خۆی ڕاپۆرت لەوبارەیەوە بنێرێت بۆ لیژنەکە و ئەوەش کاروباری لێپرسینەوە لە حکومەت ئاسانتر دەکات. لە هەرێمی کوردستان، بەشێک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان دروستکردنی لیژنەیەکی لەو شێوەیە بۆ پەرلەمانی کوردستان بە گرنگ دەزانن. کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "لە پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکمان نییە بەناوی لیژنەی بەدواداچون و لێپێچینەوە لە کارنامەی حکومەت، بۆیە پێویستە پەرلەمان لیژنەیەکی هاوشێوەی هەبێت، چونکە کاتێک حکومەتێک دێتە سەر کار و دەست دەکات بە جێبەجێکردنی بەرنامەی کار، پێویستە لە کاتی بەڕێوبردنی وڵاتدا ئەو لیژنەیە لە پەرلەمانەوە بەدواداچون بکات بزانێت تا چەند ئەو بەرنامەی کارەی کە حکومەت هەیەتی جێبەجێکراوە و دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکات". دەربارەی ئەو پرسیارەی ئایا ئەو لیژنانەی ئێستا لە پەرلەمان هەن دەتوانن شوێنی ئەو لیژنەیە بگرنەوە یان نا، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی وتی، "بەهیچ شێوەیەک لیژنەکانی تر ناتوانن کاری ئەم لیژنەیە بکەن چونکە لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان ئەرکیان چاودێریکردنە واتە چاودێریکردنی جومگەکانی حوکمڕانی وەزارەتەکان بە تایبەت فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتەکان، بۆ نمونە لیژنەی تەندروستی چاودێری فەرمانگە و وەزارەتەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی دەکات بەڵام ئەم لیژنەیەی لە عێراق هەیە جیاوازی هەیە  و ئەو لیژنەیە چاودێری کارنامەی حکومەت دەکات بۆ ئەوە بزانرێت حکومەت لەسەدا چەندی کارنامەکەی خۆیی جێبەجێکردوە و حکومەت لەچیدا سەرکەوتو بوە و لە چیدا شکستی هێناوە". . کاروان گەزنەیی باسی لەوەشکرد، "دەبێت ئەم لیژنەیە دروست بکرێت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی حکومەت بکات و خەڵکیش لەجێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت ئاگادار بن و ئەگەر بێت و ئەو لیژنەیە دروست بکرێت دەتوانین ئاسانتر لێپرسینەوە بکەین لە وەزیرەکان و تەنانەت لە سەرۆکی حکومەتیش بکەین چونکە ئەو کاتە ئەو لیژنەیە ڕاستەوخۆ هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی حکومەت دەکات و لیژنەیەکی بەهێز دەبێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بەهۆی دەستێوەردان و ڕێگری حزبەوە پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە بانگکردن و لێپرسینەوەی بۆ پەرلەمان بکاتە عورف و لێپرسینەوەیان لێ بکات و متمانەیان لێسەنێتەوە ئەوەش بەهۆی دەستێوەردانە حزبییەکانەوەیە".