گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دوو ساڵە كرێی خوێندنیان بۆ خەرجنەکراوە

زانكۆی جیهان نمرەی خوێندكارانی كوڕ و كچی شەهید و ئەنفالكراوان ناداتەوە

2019.03.18 - 21:55
زانكۆی جیهان نمرەی خوێندكارانی كوڕ و كچی شەهید و ئەنفالكراوان ناداتەوە

 

 

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

زانكۆی جیهان لەپارێزگای هەولێر ئامادە نییە نمرەی كۆرسی یەكەمی خوێندكارانی كوڕ و كچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بداتەوە بە بیانووی ئەوەی حكومەتی هەرێم پێشینەی خوێندنی ئەمساڵی ئەوانی رادەستی زانكۆ نەكردووە و سەرۆكی دەستەی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان ڕایدەگەیەنێت، خەرجنەكردنی پێشینەكان لەلایەن حكومەتەوە كێشەی زۆری بۆ دروستکردوون.

 

ناس كورد لەخوێندكارێكی زانكۆی جیهان لەپارێزگای هەولێر كە (ناوەكەی پارێزراوە) زانیوویەتی، ئەمساڵ بەهۆی دواكەوتنی پارەكەیان لەلایەن حكومەتەوە زانكۆی جیهان لەپارێزگای هەولێر ئامادە نییە نمرەی كۆرسی یەكەمی خوێندكارانی كوڕ و كچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بداتەوە.

 

سەرچاوەكە جەختی كردەوە کە بەرپرسێکی زانکۆکە بە خوێندكارانی كوڕ و كچی شەهیدی وتووە "حكومەت پارەی ئێوەی نەداوە بۆیە نمرەكانتان نادەینەوە".

 

كوڕ و كچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە كرێی خوێندنیان بۆ خەرج دەكرێت و كرێكەش راستەوخۆ دەدرێت بە زانكۆ و پەیمانگاكان، ئەوان ڕایدەگەیەنن کە بوونەتە قوربانی لەنێوان حکومەت و زانکۆ ئەهلییەکاندا.

 

دكتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی دەستەی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان، تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند "ئەمساڵ و پاریش لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێشینەی خوێندنی كوڕ و كچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بۆ زانكۆكەمان خەرج نەكراوە".

 

هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە خەرجنەكردنی پێشینەی خوێندن كێشەی بۆ دروست كردوون و لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەپەیوەندیدان و داوایان كردووە بۆیان خەرجبكرێت.

 

وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان فشارخستنە سەر خوێندكارانی كوڕ و كچی شەهیدان و ئەنفالكراوان بەهۆی نەدانی پێشینەی كرێی خوێندنیان بە تەندروست نازانێت و داوا دەكات زانكۆكان پەنا نەبەن بۆ ئەو كارە.

 

فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان تایبەت بە ناس كورد-ی وت "لەپەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ خەرجكردنی پێشینەی كرێی خوێندنی كوڕ و كچی شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان و نەبوونی نەختینە و ئەو قەیرانە داراییەی كە هەبووە كاریگەری هەبووە لەسەر پڕۆسەكە و هیوادارین حكومەتی هەرێم بتوانێت ئەو كێشەیە چارەسەر بكات و ئەو قەرزانەش بدەنەوە".

 

پێشبینی ئەوەشی كرد لەگەڵ باشكردنی دۆخی دارایی هەرێمدا حكومەت بتوانێت ئەو قەرزانە بداتەوە.

 

وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان بێ‌ ئاگایی وەزارەتەكەیانی نیشاندا كە لەزانكۆی جیهان بەرامبەر بە خەرج نەكردنی پێشینەی خوێندنی كوڕ و كچی شەهیدان لەلایەن حكومەتەوە نمرەی خوێندكاران نەدراوەتەوە.

 

"پێشتر لەرێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە نووسراومان بۆ هەموو زانكۆكان كردووە كە ئەو جۆرە پاڵەپەستۆ و فشارانە نەخەنە سەر كوڕ و كچی شەهیدان و بەدواداچوون بۆ ئەو حاڵەتەش دەكەین،" فوئاد عوسمان وای وت.