گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

شەڕەکە بەهۆی هەڵەتێگەیشتنەوە بووە

وردەكاری شەڕ و پێكدادانەكانی شەوی ڕابردووی شەنگال

2019.03.18 - 17:29
وردەكاری شەڕ و پێكدادانەكانی شەوی ڕابردووی شەنگال

 

 

ناس كورد- عەمار میرداڤی

سوپای عێراق و یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) شەڕەكەی دوێنێ‌ شەوی نێوانیان بە "هەڵە لێكتێگەیشتن" ناو دەبەن و ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم رووداوە كارناكاتە سەر پەیوەندییەكانیان، قایمقامی قەزای شەنگالیش داوای دەركردنی هێزە "ناشەرعی"یەكانی ناوچەكە دەكات.

 

شەوی رابردوو لە گوندی حەساویك لەسنوری قەزای شنگال ئاڵۆزی و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی یەبەشە ڕویدا و بەو هۆیەوە دوو لە چەكدارانی هێزەكانی یەبەشە كوژران و سێ كەسی دیكەیان  برینداربوون و چەكدارێكی حەشدیش كوژرا و دوو كەسی دیكەیان برینداربوون.

 

سەرەڕای بوونی گێڕانەوەی جیاواز لەبارەی رووداوەكە، فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی لەشەنگال هۆكاری رووداوەكەی بۆ كوژاندنەوەی لایتی ئۆتۆمبێلەكانی هێزەكانی یەبەشە لەساتی تێپەڕینیان بە بازگەیەكی حەشدی شەعبی لەشەنگال گەڕاندەوە كە بەوتەی ئەو "هێزە عێراقییەكان وایانزانیوە چەكداری داعشن و بە هەڵە تەقەیان لێكردوون و لەوەوە شەڕ و پێكدادان دروست بووە".

 

خاڵ عەلی فەرماندەی حەشدی شەعبی لەشەنگال تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: " ئێستا دۆخی ناوچەكە ئارامە و هیچ مەترسی دووبارە ڕودانی شەڕ لەنێوان هێزەكانی یەبەشە و سوپای عێراق لە ئارادا نییە، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو ڕوبەروبونەوە بەهۆی هەڵە تێگەیشتنەوە بوو، واتە شەڕەكە بە مەبەست نەبووە".

 

یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) كە بەنزیك لە (پەكەكە) هەژمار دەكرێن، لە دوای هێرشەكانی داعش بۆ شەنگال لە پارێزگای نەینەوا لەساڵی 2014دا پێكهێنراوە و پێكهاتەی یەكینەكە زۆرینەی ئێزیدییە و بەئامانجی روبەڕوبوونەوەی رێكخراوی داعش لەو قەزایە و سنورەكە بارەگای داناوە.

 

ئەمڕۆ (یەكشەممە) لەبارەی رووداوەكە، بەرپرسانی یەبەشە و هێزە عێراقییەكان لەشەنگال كۆبوونەوە و رێككەوتن لەسەر ئەوەی ئەم جۆرە حاڵەتانە دووبارە نەبێتەوە و هەماهەنگی زیاتر لەنێوانیان هەبێت بۆ پاراستنی ناوچەكە لەڕووی ئەمنییەوە.

چیا شنگالی بەرپرسی پاراستنی ئاسایشی یەبەشە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بەگرنگ دەزانێت و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "ئەم جۆرە روبەڕوبونانە هیچ كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی ئێمە و سوپای عێراق نابێت چونكە پەیوەندییەكانمان زۆر پتەو و بەهێزن".

 

قەزای شەنگال، لە روی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و ناوچەیەكی جێناكۆكە لە نێوان حكومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەدوای كۆنترۆڵ كردنیەوە دۆسیەی ئەمنی ئەو قەزایە كەوتە ژێر دەستی چەندین هێزی جیاواز و لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ قەزاكە گەڕانەوە و قایمقامێكی نوێیان بۆ قەزاكە دانا.