گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لە سەدا 5ی كۆمەكییەکان دەدرێت بە ئاوارەكان ئەوی دیکەی دەچێتە گیرفانی هەندێک بەرپرس

کار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت بۆ ناوچەکانی خۆیان

2019.03.18 - 14:15
کار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت بۆ ناوچەکانی خۆیان

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

باسوخواسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان لە عیراق گەرمە، پەرلەمانتارێکی عەرەبیش دەڵێت، هەندێک لایەنی سیاسی و بەرپرس نایانەوێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە چونکە سودی دارایی هابووە بۆیان، ئاماژە بەوەشدەکات، ژمارەی ئاوارەکان زۆر لەوە کەمترن کە هەرێمی کوردستان باستیدەکات.

 

حەسەن فەدعەم ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عیراق تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "ڕەتی دەكەمەوە نەبوونی خزمەت گوزاری هۆكار بێت بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان، چونکە ئێستا ئەو ناوچانە لەڕووی ئەمنییەوە زۆر باشن و لە ڕووی بوونی خزمەتگوزاریشەوە زۆر لە كەمپەكان باشترن".

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ وتیشی: "هۆكاری سەرەكی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵی چەند بەرپرس و لایەنێكی سیاسی، چونكە ئەو ئاوارانە بونەتە سەرچاوەیەكی دارایی باش بۆ ئەو لایانە سیاسیانە، هۆكاری دەوڵەمەندبوونی چەند بەرپرسێکن".

لە بارەی داخستنی دۆسیەی ئاوارەکانەوە، حەسەن فەدعەم: "داخستنی دۆسییەی ئاوارەكان دەبێتە هۆی زەرەرمەندی چەند بەرپرسێك، لەبەر ئەوەی وڵاتانی دەرەوە وچەند ڕێكخراویك پارەیەكی زۆریان تەرخانكردووە بۆ ئاوارەكان، ئەو لایەنانە كۆنترۆڵی ئەو كۆمەكو یارمەتیانەیان كردووە، بەپیێ‌ زانیاریەكانمان 5% ئەو كۆمەكانە دەدرێت بە ئاوارەكان 95% دەچێتە گیرفانی لایەنە سیاسییەكانەوە". 

"ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە خولی ڕابردوودا سور بو لەسەر ئەوەی کامپەکان دابخرێن و ئاوارەكان بگەڕێنەوە، بەڵام  گەندەڵكاران ڕێگربوون لە جیێبەجێكردنی بریارەكان" بە وتەی حەسەن فەدعەم.

سەبارت بە ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان ئەو پەرلەمانتارە عەرەبە دەڵێت، ژمارانەکانی هەرێم لە بارەی ئاوارەکانەوە "جیێ‌ متمانە نییە و ڕاست نییە، زۆر لەو ژمارانە كەمترن".

 بە ڕای ئەو پەرلەمانتارە هەرێم سودێكی گەورەی بینیوە لە بوونی ئاوارەكان لە سەر خاكەكەی وكردوویەتی 'بە كارتی  فشار' بۆ سەر حكومەتی فیدراڵی و موزایەدەی پێوەدەكات بەرامبەر بە وڵاتانی جیهان، هەرێمیش تۆمەتباردەکات بە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكانی ناوچە دابراوەكان.

لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، بەشیک لە فراکسیۆنەکان لە هەوڵی ئەوەدان لە ڕیی چەند پرۆژە یاساو بڕیارێکەوە کار بۆ گەڕانەوەی تەواوەتی ئاوارەکان بکەن بۆ ناوچەکانی خۆیان.