گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبارەی دەركردنی هێزە بیانییەكان

پەیمانگای واشنتۆن هۆشداری توند دەداتە عێراق

2019.02.25 - 19:06
پەیمانگای واشنتۆن هۆشداری توند دەداتە عێراق

 

 

ناس كورد

دامەزراوەیەكی ئه‌مریكا هۆشداری توندی دایه‌ عێراق‌و له‌ پێشهاته‌ خراپه‌كانی هەر بڕیارێك ئاگاداری كرده‌وه‌ كە سەبارەت بە هێزە بیانییەكان لە عێراق دەربكرێت، ئەمەش ‌پاش ئه‌وە هات كە لە په‌رله‌مانی عێراق هەوڵێك بۆ ده‌ستی پێكرد بۆ ده‌ركردنی پڕۆژه‌بڕیارێك بەئامانجی وه‌ده‌رنانی هێزه‌ بیانیه‌كان له‌ عێراق.

 

په‌یمانگای واشنتۆن بۆ سیاسه‌ته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك له‌ راپۆرتێكیدا ئاماژه‌ی به‌و هه‌وڵه‌ په‌رله‌مانیانه‌ دا كه‌ بۆ وه‌ده‌رنانی هێزە بیانییەكان له‌ عێراق ده‌درێن‌و به‌ پرسێكی ناوخۆیی و مافێكی سه‌روه‌ری عێراق ناوی برد، به‌ڵام ئه‌وه‌شی خستەڕوو كه‌ ئەو هه‌وڵانه‌ زیان به‌ په‌یوه‌ندی نێوان عێراق له‌لایه‌ك‌و ئه‌مریكا‌و رۆژئاوا له‌ لایه‌كی ترەوە ده‌گه‌یه‌نێت‌و زیانێكی ئابووری‌و سیاسی زۆریشی پێده‌گه‌یه‌نێت.

ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوە كه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌ سه‌ركردایەتی ئه‌مریكا كه‌ ئێستا‌ له‌ عێراقدان به‌هێزترین هاوپه‌یمانی ئه‌و وڵاته‌ن، بەڵام به‌ نه‌مانی ئه‌و هێزانه‌ ئه‌و پشتیوانییه‌ گه‌وره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی عێراقیش نامێنێت.

راپۆرتەكە دووپاتیشی كردووەته‌وه‌ ئه‌وه‌ی عێراق ده‌یكات‌و ده‌یڵێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ده‌بێت‌و ئه‌گه‌ر بڕیار بدات ئه‌و هێزانه‌ لە وڵاتەكە بكاته‌ ده‌ره‌وه،‌ ئه‌وا كۆمه‌ڵێك سوودی ئابووری‌و ناسه‌ربازی له‌ ده‌ست ده‌دات، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌  سه‌ربازییه‌ زۆره‌ی به‌ده‌ستی هێناوه‌.

ڕاپۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو‌ كە بایەخدانی جیهان به‌ عێراق پاش جه‌نگی داعش دروست بوو، كاتێك ئه‌و وڵاتانه‌ ھێزه‌كانیان نارده‌ عێراق بۆئەوەی له‌دژی داعش بجەنگن‌و  پێشتر ئه‌و ووڵاتانه‌ هه‌رگیز وه‌ك هاوپه‌یمانێكی گرنگ لە عێراقیان نه‌روانیوە،‌ به‌لكو زۆربه‌یان پێشتر هیچ گرنگییان پێنه‌ده‌دا.

به‌ پێی ڕاپۆرته‌كه‌ هاتنی ئه‌و هه‌موو سه‌ركرده‌یەی وڵاتانی جیهان بۆ عێراق كه‌ به‌شداربوون له‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی،‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بایەخپێدانه‌ بوو كه‌ بەم دواییانە به‌ عێراق دەدرا، چونكه‌ سه‌ردان‌و به‌سه‌ركرنه‌وه‌ لای سه‌ركرده‌ ڕۆژئاواییه‌كان سه‌رمایه‌گوزارییەكی زۆر گه‌وره‌ی كات‌و هه‌وڵ‌و كۆشش‌و پاره‌و پلانی ئه‌منییه‌ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بایەخپێدانی ئه‌و هێزانه‌یه‌ به‌ عێراق.

ڕاپۆرته‌كه‌ هانی ئه‌مریكا ده‌دات كه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی دا عێراق له‌ سێ ڕاستی تاڵ‌و حاشاهه‌ڵنه‌گر ئاگادار بكه‌نه‌وه كە ‌یەكەمیان ئەوە هه‌رچه‌ندە سوپای عێراق كه‌مێك به‌ره‌وپیشچوونی به‌خۆوه‌ بینیوه،‌ به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌شتووەته‌ ئه‌و ئاسته‌ی بتوانێت داعش له‌ناو به‌رێت، هه‌ر‌وه‌ك ده‌بینین له‌ هه‌ندی ناوچه‌ی پارێزگاكانی كه‌ركوك‌و نەینەواو دیاله‌ داعش چالاك بووه‌ته‌وه.‌

راستی دووه‌میش ئەوەیە هه‌وڵی هه‌ندێك لایه‌ن‌و هێزی عێراقی بۆ جیاوازیكردن له‌نێوان هێزه‌كانی ئه‌مریكا‌و هاوپه‌یمانان بێ سووده،‌ چونكه‌ ئه‌و هێزانه‌ یان پێكه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ یان هه‌موویان پێكه‌وه‌ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه.‌

سێیه‌م راستیش ئەوەیە به‌ پاشه‌كشێ كردنی ئهوم هێزانه‌ بایەخدانی وڵاتانی ڕۆژئاواش به‌ عێراق به‌ته‌واوی پاشه‌كشه‌ ده‌كات‌و ئه‌و كاتە هیچ سوودێكی ئابووری‌و هی تریش بوونیان نامێنێت.

راپۆرته‌كەی پەیمانگای واشنتۆن‌ له‌ كۆتاییدا سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا له‌وه‌ ئاگارده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌ركرده‌ی ولاتانی هاوپه‌یمان سه‌رانی عێراق له‌م ڕاستیانه‌ ئاگادربكه‌نه‌وه‌ تا مه‌ترسی دۆخه‌كه‌ بزانن‌و بشزانن كه‌ ئه‌م پشتیوانییه‌ ئابووری‌و سیاسی‌و سه‌ربازیانه‌ لەم كاتەدا په‌یوه‌ستن‌ به‌ مانه‌وه‌ی ئەو هێزانه‌وه‌ له‌ عێراق.

ئامادەكردنی: عومەر عەزیز