گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی: كورد كه‌ركوكی وێران كردووە

نوسراوێك ئاڕاسته‌ی كه‌ركوك ده‌كرێت بۆ دانانی پارێزگار

2019.03.18 - 11:21
نوسراوێك ئاڕاسته‌ی كه‌ركوك ده‌كرێت بۆ دانانی پارێزگار

 

ناس كورد- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

نوسراوێك ئاڕاسته‌ی پارێزگای كه‌ركوك ده‌كرێت بۆ دانانی كه‌سێك وەک پارێزگار و دۆخی ئه‌منی كه‌ركوكیش به‌ ناجێگیر وه‌سفده‌كرێت، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی شاره‌كه‌ش ده‌ڵێت، كورد كه‌ركوكی وێرانكردووه‌.

 

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ناس كورد، لە بەغداوە نوسراوێك ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی كه‌ركوك كراوه‌ بۆ دانانی كه‌سێك وەک پارێزگار‌ و پێكهاته‌كانی ناو شاره‌كه‌ جگه‌ له‌ كورد به‌ ئاڕاسته‌كاری نوسراوه‌كه‌ ناوده‌هێنرێن.

ئازاد جه‌باری، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك به‌ ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "كورد ناتوانێت هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ئیداری په‌یڕه‌و بكات و كه‌ركوكی وێران كردووه،‌ حزبە کوردییەکان به‌ته‌نها جێیانهێشتووین‌، ناشتوانن كه‌سێك به‌ پارێزگار دابنێن، ته‌نها شه‌ڕ له‌سه‌ر كورسی و پۆست ئه‌كه‌ن، خه‌تای كورده‌ و خه‌تای هیچ لایه‌ن و پێكهاته‌یه‌كی تر نییه‌".

 

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك، هه‌رچه‌نده‌ ئاماده‌نه‌بوو قسه‌ له‌سه‌ر نوسراوه‌كه‌ بكات كه‌ ناس كورد له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، به‌ڵام، وتی:"پۆستی پارێزگار تازه‌ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌ سفره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، ئێمه‌یان به‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌ پێكهاته‌كانیش خۆشیان ئیشی خۆیان ده‌كه‌ن، ئێستا شتی 'موفاجه‌ئه'‌ ده‌بیستین كه‌ قه‌ت نه‌بووه‌ و نه‌كراوه‌، با دڵی سه‌ركردایه‌تی كورد به‌وه‌ خۆشببێت".

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك لەسەر پشکی یەکێتی به‌ ناس كورد-ی وت: "دۆخی ئه‌منی كه‌ركوك ناجێگیره‌ و ژماره‌ی ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ی له‌شاره‌كه‌ هه‌ن وه‌ك پێویست نین، ناتوانن كاره‌كان ڕاپه‌ڕێنن و هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌نێوانیاندا نییه‌، هێزه‌كان فره‌ ده‌سه‌ڵات و فره‌ ڕه‌گه‌زن و وه‌جهی نایاسایی له‌و شاره‌دا هه‌یه‌ و كه‌سێك  نییه‌ كۆیان بكاته‌وه‌".

 

ئەحمەد عەسکەری وتیشی: "هێزه‌كان هه‌ریه‌كه‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ت و حزب و لایه‌نێكه‌وه‌ ئاڕاسته‌ ده‌كرێت، هه‌ندێكیان پۆلیسی فیدڕاڵین و هه‌ندێكیان سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌شایه‌ری و ئیسلامین و فره‌ كوێخای هه‌یه‌ و شاره‌كه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دایه‌، هه‌ركاتێك گروپی تیرۆرستی داعش بیه‌وێت ده‌توانێت دۆخی كه‌ركوك تێكبدات".

 

ده‌رباره‌ی دانانی كه‌سێك بۆ پارێزگاری شاره‌كه‌ ئه‌وه‌یخسته‌رو: "پارێزگار ته‌نها ئه‌نجومه‌ن دایده‌نێت، ئه‌گه‌ر نوسراویش بۆ پارێزگاكه‌ بكرێت، ده‌بێت له‌ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك پارێزگاردابنرێت، ئه‌وه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ گفتوگۆكانی پارتی و یه‌كێتی و كه‌ركوكیش خراوه‌ته‌ ناو بابه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم و دۆسیه‌ی به‌غدا".

لە پاش ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی کە بە وتەی خۆیان ڕێککەوتنیان لەسەر دانانی پارێزگاری کەرکوکیش کردووە، پێکهاتە تورکمانییەکان دژایەتی ئەو ڕێککەوتنەیان ڕاگەیاندوو، پۆستی پاریزگاری کەرکوکیان بە مافی خۆیان زانی.