گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا ڕەتیدەکاتەوە پلان هەبێت بۆ هێشتنەوەی هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە سوریا

2019.03.18 - 09:24
ئەمریکا ڕەتیدەکاتەوە پلان هەبێت بۆ هێشتنەوەی هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە سوریا

 

ناس کورد-

بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکی هەواڵەکەی ڕۆژنامەی  واڵ ستریت جۆرناڵ لە بارەی پلانی ئەمریکا بۆ هێشتنەوەی هەزار سەربازی سوپای ئەمریکا لە سوریا ڕەتکردەوەو، ڕایگەیاند"زانیارییەکانی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ناڕاستە".

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ ئەوەی باوکردۆتەوە: "لە گەڵ شکستی وتووێژکردن لە گەڵ تورکیا و ئەو هێزەکوردیانەی پاڵپشتی دەکات و ئەو لایەنە ئەوروپیانەی هاوپەیمانین، بۆ دروستکردنی 'ناوچەی ئارام' لە باکوری سوریا، لە ئێستادا ئەمریکا دەیەوێت کارەکانی بەردەوامی پێبدات لەو وڵاتە لە گەڵ هێزە کوردییەکاندا".

ڕۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردۆتەوە کە پلانی مانەوەی ئەمریکا بەجۆرێکە، هەزار سەربازی ئەمریکی لە تەواوی وڵاتەکە دەمێنێتەوە.

 

لە بەرامبەردا لە بەیاننامەیەکدا سەرۆک ئەرکانی ئەمریکی هاوبەش جەنەراڵ جۆزیف دانفۆرد ڕایگەیاند: "زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە لە بارەی مانەوەی هەزار سەربازی سوپای ئەمریکا لە سوریا ناڕاستە، پلانی ئەمریکا لە بارەی کەمکردنەوەی هێزەکانی لە سوریا بەردەوامە".

ئەو بەرپرسە سەربازییە ئەمریکییە، ئەوەشی خستۆتەڕوو: "لە گەڵ تورکیادا سەرقاڵی دانانی پلانی سەربازین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو مەترسیانەی لە سنوری سوریا تورکیا هەن".

پێشتر و بە شێوەیەکی لەناکاو، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، پاشەکشەی کۆتایی و تەواوەتی دەکەن لە سوریا، بەڵام دواتر بە فشاری پەنتاگۆن بڕیاری مانەوەی 200ئەندامی سوپای ئەمریکا لەو وڵاتە درا.