گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: واشنتن ئامادەکاریی دەکات بۆ هێشتنەوەی هەزار سەرباز لە ڕۆژاڤا

2019.03.18 - 01:25
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: واشنتن ئامادەکاریی دەکات بۆ هێشتنەوەی هەزار سەرباز لە ڕۆژاڤا

 

ناس کورد-

 

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەرقاڵی داڕشتنی پلانێی نوێن کە تێیدا هەزار سەربازی ئەمریکی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژاڤای کوردستان) دەمێننەوە، سەرەڕای بڕیارەکەی پێشووی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا.

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردوەتەوە، کە واشنتن سەرکەوتوونەبووە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ تورکیا و دەوڵەتە ئەوروپییەکان و هێزە کوردییەکاندا بۆ گەیاندنی ئەو لایەنانە بە ڕێککەوتنێک کە تیایدا تورکیا ئەو بۆشاییە لە سوریا پڕ بکاتەوە کە دوای کشانەوەی ئەمریکا دروست دەبێت.

بەپێی ڕۆژنامەکە، لە دەرەنجامی ئەو شکستی ڕێککەوتەنەدا، لە ئێستادا ئەمەریکا دەیەوێت قەبارەی ئەو هێزە زیاد بکات کە بڕیارە دوای جێبەجێکردنی بڕیاری کشانەوە، لە سوریا بمێننەوە.

لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دۆناڵ ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی دا لە سوریا، بڕیارەکەش ناڕەزایی ناوخۆی ئیدارەکەی ترەمپ و بەشێک لە دەوڵەتە ئەوروپییەکان و کوردەکانی سوریای لێکەوتەوە.

لە مانگی ڕابردوودا ترەمپ بە بڕیارەکەیدا چووەوە و ڕایگەیاند دەکرێت تا 400 سەربازی ئەمریکی دوای جێبەجێکردنی بڕیاری کشانەوەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کوردەکان، بمێننەوە.