گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

گەورەترینیان ئیبراهیم خەلیلە

دەروازە سنوورییەكان شادەماری ئابووريی كوردستانن

2019.02.25 - 00:52
دەروازە سنوورییەكان شادەماری ئابووريی كوردستانن

 

 

 ناس كورد

هەرێمی كوردستان خاوەنی 4 دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێران‌و 2 دەروازە لەگەڵ توركیا‌و یەك دەروازە لەگەڵ سوریایە‌و 13 ڕێگای وشكانیش كوردستان بە پارێزگاكانی تری عیراقەوە دەبەستنەوەو بە شادەماری ئابووری‌و بازرگانی‌و خوراك‌و گواستنەوەی هەرێم دادەنرێن.

 

دەروازەی حاجی ئۆمەرانی سەر بەپارێزگای هەولێر یەكێكە لە دەروازەكانی كوردستان لەگەڵ ئێران كە بە كەورەترین‌و چالاكترین دەروازەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئیران ئەژمار دەكرێت‌و بە بەردەوامی وبێ پچڕان چوڵەی هاوردە‌و هەناردەی تێیدا ئەنجام دەدرێت‌و تا سەرەتاكانی 2018 كۆی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەم دەروازەیەوە گەێشتە زیاتر لە  800 ملیون دولار.

دەروازەی باشماخ-یش یەكێكی دیكەیە لەو دەروازانە كە ئەویش دەروازەیەكی گەورەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان ( پارێزگای سلێمانی)‌و ئێراندا‌و بەكاردێت بۆگشت مامەڵەكانی هاوردە‌و هەناردەی بازرگانی‌و كۆی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێیدا تا سەرەتاكانی 2018 گەیشتە زیاتر لە 217 ملیون دولار.

هەروەها دەروازەی پەروێزخان (پارێزگای سلێمانی – ئێران) لە 2003وە بە فەرمی كەوتووەتە كار‌و ئاڵوگوڕی بازرگانی تێدا ئەنجام دەدرێت‌و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازگانیش لەم دەروازەیەوە تا سەرەتاكانی 2018 گەیشتە زیاتر لە 300 ملیون دولار ، بەشی هەرە زۆری ئەو داهاتەش لە هاوردەكردنی كەلوپەلەوە بووە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

 

دەروازەی سەیرانبەن-یش لە پارێزگای سلێمانی كە بەدەروازەیەكی نۆی دادەنرێت زیاتر بۆَ ئاڵوگۆڕی كەلوپەل‌و خۆراك‌و بابەتی كشتوكاڵی بەكاردێت، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەم دەروازەیەدا تا سەرەتای 2018 گەیشتە زیاتر لە 12 ملیون دولار.

هەروەها چەند دەروازەیەكی تری نافەرمی هەرێمی كوردستان (پارێزگای سلێمانی) بە ئێرانەوە دەبەستنەوە، لەوانەش دەروازەكانی شوشمێ لە هەورامان‌و كێلێ لە قەڵادزێ.

هەرچی دەروازەكانی هەرێمی كوردستانیشە لە گەڵ توركیا ئەوا بریتین لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە نیوان (پارێزگای دهۆك – توركیا)  كە بەگەورەترین دەروازە عیراقیێەكان ناوزەند دەكرێت، ئەم دەروازەیە لە كاتی ئابڵوقەی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1991 لە ئەنجامی داگیركردنی كوەیت لە لایەن رژێمی ئەوكاتەی عیراقەوە، هەر كراوە بووە‌و دانەخراوە، كۆی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش تێیدا تا سەرەتای 2018 گەیشتە زیاتر لە 5 ملیار دولار.

دەروازەی سەرزیری-یش یەكێكی دیكەیە لە دەروازەكانی هەرێم لەگەڵ توركیا، ئەم دەروازەیەش زیاتر بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرە بچوكەكان‌و گروپە گەشتیاریێەكانی هەردوو وڵات بەكاردەهێنرێت.

 

لە دەروازەی نێوان هەرێمی كوردستان‌و سوریاش، دەروازەی سیمالكایە لەسەر ڕوباری دیجلە كە تاكە دەروازەیە هەرێمی كوردستان بە سوریاوە بەستێتەوەو بە دەروازەیەكی فەرمی دانانرێت لای هەردوو وڵات. لە 2012دا بەفەرمانی مەسعود بارزانی كرایەوە تەنها بۆ هاتنی ئارەزومەندانەی هاونیشتمانیانی  كوردی ڕۆژئاوا بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق، هەروەها بۆ پەڕینەوەی ئەو ئوتومبێلانەی مەڕوماڵات لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە دێنن بۆ باشووری كوردستان.

 

 

دوای سەپاندنی ئابڵوقە ئابووری‌و پیشەسازیێەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران، حكومەتی تاران بە هەموو شێوەیەك كار بۆ كەمكردنەوەی زیانە ئابووریێەكانی سەر وڵاتەكەی دەكات لە ڕێگای بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابووری‌و بازرگانیێەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان‌و كردنەوەی ناوچەی بازرگانی ئازاد لە سەر سنوور، لەو بارەیەشەوە كونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە ئوكتوبەری 2018 ڕایگەیاند حكومەتی ئێران پلانی هەیە بۆ بەرزكردنەوەی ئاڵوگوری بازرگانی لەگەڵ هەرێم بۆ زیاتر لە 10 ملیار دولار  لە ساڵێكدا.

ئامادەكردنی: فوئاد عەبدوڵڵا