گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکیتی: نابێت لیژنەکان قۆرخبکرێت

سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان ناکۆکی نێوان فراکسیۆنە گەورەکانە

2019.03.17 - 21:06
سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان ناکۆکی نێوان فراکسیۆنە گەورەکانە

 

 

ناس كورد- فوئاد عەبدوڵا

لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ دیاریکردنی سەرۆکی لیژنە هەمیشەییەکان، سەرۆکایەتی چوار لیژنە جێی ناکۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆران بوو.

 

 ڕێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆن پارتی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕودا سەرۆكایەتیی لیژنەكانی (پەیوەندی دەرەوە، ڕەوەندی كوردی، تەندروستی، ژینگە، شەهیدان، جینۆساید و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بۆ پارتی یەكلابوەوە، بەڵام سەرۆکایەتیی لیژنەكانی (خوێندنی باڵا و پەروەردە، پێشمەرگە، دارایی، سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ)  تا ئێستا وتووێژ و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت لە نێوان فراكسێونەكاندا" .

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتیشی: "لە نێوان فراكسیۆنەکانی پارتی و یەكێتی و گوڕان، ململانێ هەیە لەسەر ئەو لیژنانە و یەکلا نەبۆتەوە".

لە ئەگەری یەکلانەکردنەوەی سەرۆکایەتی لیژنەکان، تا دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان، ئەوا لە نێو پەرلەمان بە دەنگدان و زۆرینە ئەو پرەسە یاکلا دەکرێتەوە.

 

لەلایەكی ترەوە كاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری فراكسێونی یەكیتی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "ئەكرێت كۆبوونەوەی لەم شێوەیە دوو بۆ سێ ڕۆژ بخایەنێت، چونکە پرسێکی گرنگ و چارەنوسسازە بۆ فراكسیۆنەكان، ئاساییە جیاوازیش لە بیر و بۆچونی فراكسیونەكان هەبێت، چونکە لە كۆتاییدا هەموان دەیانەوێت باشترین پشكی بەركەوێت بۆ فراكسیۆنەكەی" .

ئەو پەرلەمانتارەی یەکیتی وتیشی: "وەك فراكسیۆنی یەكێتی پێمانوایە نابێت لیژنەكان قۆرخ بكرێت بۆ لایەنێكی دیاری كراو، ئامادەین بەگفتوگۆ سازان بكەین لەسەر بەركەوتەی فراكسیۆنەكەمان لە پەرلەمان" .

 

لە بارەی بەشداری فراکسیۆنی یەکێتی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتارەکەی یەکێتی وتی: "جارێ ڕون نیە، چاوەڕێی ڕێكکەوتنین لە گەڵ پارتی، ئەگەر ئەو پرسانە چارەسەركران لە نێوان هەردوولادا ئەوا بێگومان ئامادە دەبین" .