گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

300 هەزار كەس ناویان وەك زەردەشتی تۆماركراوە

سێ‌ وەزیر و سێ مەلا لە هەرێمی کوردستان بوونەتە زەردەشتی

2019.03.17 - 19:43
سێ‌ وەزیر و سێ مەلا لە هەرێمی کوردستان  بوونەتە زەردەشتی

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

سێ وەزیری کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێم و ژمارەیەک لە سەرکردایەتی حزبەکان و سێ مامۆستای ئاینیش بوونەتە زەردەشتی، ئەوەش بە وتەی نوێنەری زەردەشتییەکانی هەرێم لە وەزارەتی ئەوقاف.

لەباشوری كوردستان زەردەشتییەكان خاوەن ئاتەشگەیەكی تایبەتن كە لەناو بارەگای رێكخراوی یەسنایە و سێ‌ "ئاسرەوان" لەنێو ئاتەشگەكەدا سروتە ئاینییەكان ئەنجام دەدەن و هۆزەی زەردەشتیانی كوردستان لەسوید و "ئەنداز حەوێزی" بە تاكە مەرجەعی خۆیان دەزانن.

 

article image

ئاوات حوسامەدین نوێنەری زەردەشتییەكانی هەرێمی كوردستان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند "تائێستا 300 هەزار كەس گەڕاونەتەوە سەر ئاینی زەردەشتی و هەندێك ئاشكرای كردووە و هەندێك دەترسن ئاشكرای بكەن".

 

بەوتەی نوێنەری زەردەشتییەكانی هەرێمی كوردستان جاران خەڵك "نەیدەوێرا" بچێتە سەردانی رێكخراوەكە بەڵام لەئێستادا رۆژانە بەخێزانەوە سەردانی رێكخراوەكە دەكەن.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ئاوات حوسامەدین روونیدەكاتەوە ئەوانەی بوونەتە زەردەشتی نوێنەری هەموو چین و توێژەكانی تێدایە‌و وتی "وەزیر و جێگری وەزیر و سەركردایەتی حزبەكان و سەرجەمی چین و توێژەكانمان لەلا تۆماركراون كە گەڕاونەتەوە سەر ئاینی زەردەشتی".

 

بەوتەی حوسامەدین سێ‌ وەزیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و سێ‌ مامۆستای ئاینی، فۆڕمیان پڕكردۆتەوە و "گەڕاونەتەوە سەر ئاینی زەردەشتی".

 

زەردەشتییەكان لەبۆنە نەتەوەییەكاندا چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدەدەن و لەنێو خۆشیاندا مەراسیمی ژن و ژنخوازی و ناولێنانی منداڵ و ناشتن لەسەر رێگای زەردەشتی، ڕێکدەخەن.

 

نوێنەری زەردەشتییەكان گلەیی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەکات كە لەساڵی 2016ەوە داوای دابینكردنی پارچەیەك زەوییان كردووە بۆ دروستكردنی ئارامگەی زەردەشتییەكان بەڵام وەڵامنەدراونەتەوە.

 

"حكومەتی هەرێم زەوی داوەتە بەهائییەكان بۆ دروستكردنی ئارامگەی تایبەت بەخۆیان كە میوانن لەكوردستان و كورد نین، بەڵام سێ‌ ساڵە وەڵامی ئێمە ناداتەوە و زەوییەك بۆ ئارامگەی زەردەشتیان بەڕەوا نابینێت،" ئاوات حوسامەدین وای وت.