گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

 تەرمی سەرۆک هۆزێکی ئێزدی لە دهۆک بەسوتاویی دۆزراوەیەوە

2019.03.17 - 13:29
 تەرمی سەرۆک هۆزێکی ئێزدی لە دهۆک بەسوتاویی دۆزراوەیەوە

 

ناس كورد - عه‌مار عه‌زیز

 

دوای تێپەڕینی دوو ڕۆژ بەسەر دیارنەمانیدا، تەرمی سەرۆک هۆزێکی ئێزدی لە نزیک شاری دهۆک بە سووتاوی دۆزرایەوە، کوڕەکەشی دەڵێت باوکی هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نەبووە.

قاسم متۆ سەرۆکی هۆزێکی ئێزدییەکان ئێوارەی دوێنێ لە نزیک گوندێکی کۆمەڵگای شاریای سەر بەشاری دهۆک لەناو ئوتومبێلەکەیدا بە سووتاوی دۆزرایەوە.

 

فه‌رحان قاسم متۆ، کوڕی سەرۆک هۆزەکە بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، رۆژی هه‌ینی كاتژمێر 8 شه‌و لەگەڵ باوکیدا پێکەوە بوون، "دوای ئه‌وه‌ تەلەفۆنێک بۆ باوکم هاتوو و نەمزانی کێیە، ته‌نیا وتی ئیشێكی گرنگم بۆ دروست بووە و پێویستە بڕۆم، به‌ ئوتومبێلەکەی خۆی ڕۆشت، دوای تێپه‌ربوونی كاتژمێرێك تەلەفۆنمان بۆ كرد وەڵامی نه‌دایه‌وه‌ تا دره‌نگانی شه‌و هه‌ر په‌یوه‌ندیمان ده‌كرد وەڵامی نەبوو."


دواتر پۆلیس و ئاسایش ئاگاداردەکرێنەوە، تا دواجار ئێوارەی دوێنێ لە گوندی سینای سەر بە کۆمەڵگای شاریا تەرمەکەیان لە ئوتومبێلەکەی خۆیدا بە سووتاوی دۆزیەوە.

 

"تووشی شۆک بوین کە بیستمان باوکمان کوژراوە، نازانین کێ ئەو کارەی کردووە، چونکە کێشەمان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە، داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەین بەزووترین کات تاوانباران دەستگیربکەن،" فەرحان قاسم وادەڵێت.

 

قاسم متۆ سەرۆک هۆزی قەیرانیی ئێزدییەکانە، تەمەنی 64 ساڵ بووە و خاونی دوو هاوسەر و 10 کوڕ و 5 کچ بووە. خەڵکی گوندی سیبا شێخ خدری سەر بە قەزای شەنگالە و دوای ساڵی 2014 ئاوارەی کۆمەڵگای شاریا بووە.