گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بە ساڵێک مانەوە کەسانی بیانی دەبنە خاوەنی ڕەگەزنامە

پرۆژەیاسای پێدانی ڕەگەزنامەی عێراقی مشتومڕێکی زۆر دروست دەکات

2019.03.17 - 11:15
پرۆژەیاسای پێدانی ڕەگەزنامەی عێراقی مشتومڕێکی زۆر دروست دەکات

 

 

 

 

 

ناس كورد  - فوئاد عەبدوڵا

 

"تەنها یەک ساڵ لە عێراق بژیت دەبیتە خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقی"، ئەمە لە تەنها دێڕێکەوە دەبێتە ڕاستیی گەر ئەو پڕۆژەیاسایەی ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە وەک خۆی دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.

 

پڕۆژەیاساکە لە لایەن کابینەی پێشووی حکومەتی عێراقی بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی ئامادەکراوە و کابیەی ئێستا حکومەتیش بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی پەسەندیکردووە و ناردوویەتی بۆ پەرلەمان.

 

 

بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاساکە بە "زۆر ترسناک" ناودەبات، بەتایبەتی ئەو بڕگەیەی کە باس لەوە دەکات هەر کەسێک لەدەرەوەی عێراق بێتە وڵاتەکەوە و ساڵێک بمێنیتەوە، ئەوا دەکرێت ڕەگەزنامەی عێراقی پێ ببەخشرێت.

 

پڕۆژەیاساکە لە ئێستادا تەنها خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بەهار مەحمود بە ناس کوری-ی وت: "لە خوێندنەوەی دووەمدا ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت بە كۆی دەنگ هەموو پڕوژەكە ڕەتبكاتەوە، یاخود هەردوو لیژنەی یاسایی و ئاسایش و بەرگری و بە دەنگی پەرلەمانتاران ئەو مادەیە لە پڕۆژەكە دەربكەن."

 

ترسی بەشێک لە شەقامی عێراقی و پەرلەمانتاران لە پڕۆژەیاساکە ئەگەری گۆڕانکاریی دیمۆگرافییە لە وڵاتەکەدا، بەو پێیەی لە ئێستادا دەیان هەزار کەس لە وڵاتانی دیکەەوە هاتوونەتە ناو عێراق و بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایەبێت دەتوانن داوای ڕەگەزنامەی عێراقی بکەن.

 

عەمار توعمە، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە پڕۆژەیاساکە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە و گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی دیمۆگرافیدا دەکات.

 

 

 ئەو ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی بە ناس کورد-ی وت: "پڕۆژەیاساکە دەرگا دەکاتەوە بەڕووی کەسانی نەناسراو تا ڕەگەزنامەی عێراقی وەربگرن."

 

هەروەها رەخنەی لەو خاڵەی پرۆژەیاساکە هەیە کە دەسەڵات دەداتە وەزیری ناوخۆ کە ڕەگەزنامە بدات بە کەسێک گەر عێراقی نەبێت بەمەرجێک، ئەو کەسە کۆچبەری زۆرەملێ بێت و ساڵێک نیشتەجێی عێراق بووبێت، یاخود ژنێکی عێراقی بخوازێت و دوو ساڵ لە عێراق مابێتەوە.

 

لەبارەی ئەو بڕگەیەی کە باس لە بەخشینی ڕەگەزنامە دەکات بەو کەسانەی کە ژنێکی عێراقی بخوازن و ماوەی دوو ساڵ لە وڵاتدا بمێننەوە، ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە ئەو ماوەیە کەمە "نابێت لە 15 ساڵ کەمتر بێت."

بەپێی یاسا بەرکارەکانی ئێستای عێراق، هەر کەسێکی بیانی بیەوێت ببێتە خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقی پێویستە 10 ساڵی لەسەر یەک بەبەردەوامی لەو وڵاتەدا مابێتەوە.