کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ڕۆژنامەى تایمزی بەریتانی ڕاپۆرتێکی لەبارەى ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆکى ڕێکخراوی داعش بڵاوکردووەتەوە کە بەدەست نەخۆشییەکی کوشندەوە دەناڵێنێت و کاروباری ڕێکخراوەکەى بە هاوکارێکی نزیکی خۆی سپاردووە. ڕۆژنامە بەریتانیاییەکە لە ڕاپۆرتێکەیدا دەڵێت، "بەغدادی فەرمانیکردووە بە بەرزکردنەوەى پلەى عەبدوڵا قرداش کە ئەفسەرێکی باڵای سەردەمی سەدام حسێنە و لەدوای ساڵی 2003ەوە چوووەتە ڕیزی گروپە چەکدارییە جیهادییەکان." . ڕونیشیکردووەتەوە کە "عەبدوڵا قرداش پێشتر لە لایەن سوپای ئەمریکاوە دەستگیرکراوە و چەندین ساڵی لە زیندانی بوکا لە بەسرە لەگەڵ بەغدادیدا بەسەر بردووە." ڕۆژنامەکە دەشڵێت، "لە زینداندا بەغدادی توانیویەتی بیری زیندووکردنی "خەلافە" لە مێشکی سەدان کەسدا زیندووبکاتەوە و لەگەڵ قرداشدا پێکەوە کاریان لەسەر ئەو بابەتە کردووە." ."دەرکەوتن بە ڕیشی درێژ و خەنەکراوەوە"
هەر بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی تایمز، " ساڵی 2017 بەغدادی بەهۆی بۆردومانێکى هێزەکانى هاوپەیمانان برینداربووە و توشی شەلەل بووە، لەئێستادا بە دەست نەخۆشی شەکرە و فشاری خوێنەوە دەناڵێنێت، لە دواین دەرکەوتنیدا کە لە مانگی نیسانی ڕابردوو بڵاویکردەوە بە ڕیشێکی درێژی خەنەکراوەوە دەیەوێت وا خۆی دەربخات کە تەندروستی باشە." ڕۆژنامەکە لەزاری چەند شارەزایەکەوە دەڵێت، "بەغدادی خەلیفەیەکی داناوە بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەى دووبارە بنیادنانەوەى لۆجستی ڕێکخراوەکە کە کاری چالاککردنەوەى ڕێزەکانیەتی." پێشتریش فازڵ ڕەغیف، شارەزای ئەمنی عێراقی وتی، "قرداش تەنها دەسەڵاتی لۆجستی و ڕێکخستنەوەى هەیە." . ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لە سێ هۆکار دەکات بۆ هەڵبژاردنی قرداش، "داخستنی کون و کەلەبەرەکانی ڕێکخراوەکە، یان یەکگرتن لەگەڵ قرداش کە لایەنگرێکی زۆری هەیە لەناو داعشدا، یاخود لەوانەیە قرداش ئامادە بکات بۆ سەرکردایەتیکردنی داهاتووی ڕێکخراوەکە." پێشت بەرزکردنەوەى پلەکەى، عەبدوڵا قرداش گەورە ڕاوێژکاری بەغدادی بووە و بە "دروستکەری سیاسەتی دڕندانە" ناسراوە و بە (ئوستاز) بانگکراوە. ."دەستپێکردنەوە لە سفرەوە"
ڕۆژنامەکە دەڵێت، "قرداش ڕادەسپێردرێت بۆ دووبارە بنیادنانەوەى داعش دوای ئەوەى بە شێوەیەی نیمچە تەواو لە عێراق و سوریا لەناوبرا، بەڵام ڕوبەڕوی سەرکردایەتییەکی دابەشکراوە دەبێتەوە، هەندێک ڕەتیدەکەنەوە و بیروبۆچوونی جیاوازیان دەبێت." لەئێستادا ئەندامێکی زۆری ڕێکخراوەکە لە زیندان و گرتووخانەکاندا هەن و لەسەر سنوری سوریا و عێراق درێژبوونەتەوە، هێشتا چەندین شانەى نوستووی هەیە و ڕۆژانە لەملاولا چالاکی ئەنجام دەدەن. بەڵام بە ڕای فازل ئەبو ڕەغیف، "لەژێر سەرکردایەتی قرداشدا چالاکییە چەکدارییەکان زیاد ناکەن بەڵکو وردتر دەبێت."