گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كرانەوەی زیاتری ریاز

بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی سعودیەدا ژنێك ده‌بێته‌ باڵوێز‌ ‌

2019.02.24 - 23:47
بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی سعودیەدا ژنێك ده‌بێته‌ باڵوێز‌ ‌

ناس كورد
بۆیەكەمین جار لە مێژووی عەربستانی سعودی، بەبڕیاری شازاده‌ محەمەد بن سه‌لمانی جێنشین ژنێك كرایە باڵوێزی وڵاتەكە لە ئەمریكا.
لەم رووەوە دوای ئه‌وه‌ی شازاده‌ خالیدی كوڕی شا سه‌لمان له‌ پۆستی باڵوێزی وڵاته‌كه‌ی له‌ ئه‌مریكا لابراو پله‌كه‌ی به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ جێگری وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌كه‌ی به‌ پله‌ی وه‌زیر، شازاده‌ محەمەد بن سه‌لمانی جێنشینی سعودیە بڕیاری دا شازاده‌ ریمای كچی به‌نده‌ر بن سوڵتان ئال سعودی ئامۆزای بكاته‌ باڵوێزی وڵاته‌كه‌ی له‌ ئه‌مریكا.
له‌ عه‌ره‌بستانی سعودیدا یه‌كه‌م جاره‌‌ ئافره‌تێك پۆستێكی له‌و شێوه‌یه‌ وه‌ربگرێت كه‌ پێشتر به‌ وڵاتێكی موحافزكار ناسرابوو،‌ ژنان ته‌نانه‌ت مافی شۆفێریكردن‌و ده‌نگدانیشیان نه‌بوو، بەڵام پاش له‌سه‌ر كارلابردنی شازاده‌ محەمەد بن نایف و هاتنه‌ سه‌رته‌ختی شازادهی‌ جێنشینی محەمەد بن سه‌لمان، كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌ وڵاته‌كە راگه‌یاند له‌وانه‌ ڕێگه‌دان به‌ شۆفێریكردنی ژنان‌و كردنه‌وه‌ی هۆڵی سینه‌ما‌و سازدانی كۆنسێرت بۆ گۆرانیبێژی ژنی بیانی‌و....هتد، ئەویش له‌ژێر ناوی كرانه‌وه‌و چاكسازیدا، ئه‌م هه‌وڵه‌ی دواییش به‌ دانانی ژنێك له‌و پۆستەدا هه‌ر لەو چوارچێوه‌یه‌دا دێت.
لای خۆشیه‌وه‌ شازاده‌ ریما سوپاسی شاسه‌لمان‌و شازاده‌ی جێنشین محەمەد بن سه‌لمانی كرد بۆ دەستنیشانكردنی بۆ ئەو پۆسته‌و به‌ڵێنی دا بەڵسۆزی كارەكانی رابپەڕێنێت.
شازاده‌ ریما له‌دایكبووی ساڵی 1975‌و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسه‌ له‌ ئەدەبدا له‌ زانكۆی جۆرج واشنتۆن له‌ سالی 1999، وه‌ك ڕاوێژكار له‌ نووسینگه‌ی شازاده‌ی جێنشین كاری كردووه‌، بریكاری نه‌خشه‌دانان‌و پێشخستن بووه‌ له‌ ده‌سته‌ی گشتی وه‌رزش، سه‌رۆكی یه‌كێتی وه‌رزشی كۆمه‌ڵگه‌یی سعودیە بووه‌، سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیای ئه‌لفا ئینته‌رناشیۆناڵ بووه‌، ناوی چووه‌ته‌ گۆڤاری فاست كۆمپا‌نی ئه‌مریكی بۆ ئه‌و سه‌د كه‌سه‌ی زۆرترین داهێنانیان كردووه‌ له‌ ساڵی 2014دا، وه‌ك شانزه‌یه‌م كه‌سایه‌تی به‌هێزترین ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ كۆی 200 ژن هه‌ڵبژێرراوه‌، رۆڵی هه‌بووه‌ له‌ دامه‌زراندنی فێركردنی وه‌رزشی بۆ كچان له‌ خوێندنگه‌كاندا، ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌ وشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ مه‌ترسی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك، به‌ دروستكردنی گه‌وره‌ترین شریتی په‌مه‌یی كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك ناوی ده‌زگاكه‌ی چووه‌ته‌ كتێبی گینسه‌وه‌.