گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حكومەت لە 3 دۆسیە چەقی بەستووە

شرۆڤە: وادەی دیاریكراو بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغدا بەرەو كۆتایی دەڕوات

2023.01.21 - 23:19
App store icon Play store icon Play store icon
شرۆڤە: وادەی دیاریكراو بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر  و بەغدا بەرەو كۆتایی دەڕوات

ناس كورد_

توێژینەوەیەكی خانەی هزری كوردستان ئاماژە بەوە دەكات لە حكومەتی نوێی عێراقدا بە سەرۆكایەتیی سودانی، دەرفەت هەیە بۆ گەیشتن بۆ چارەسەری هەندێك لە كێشەكانی هەرێم و بەغدا؛ بەڵام لە بەرامبەر ئەمەیشدا لەمپەرو ڕێگرو مەترسی هەن كە سەرەكیترینیان فاكتەری كاتە، بەتایبەت پاش تێپەڕبوونی نیوەی وادەی دیاریكراو بۆ دەركردنی یاساكانی نەوت و گاز و دادگای فیدراڵی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

توێژینەوەكە كە "یاسین تەها" نووسیویەتی و ماڵپەڕی خانەكە "penus" بڵاوی كردووەتەوە و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە باس لەوە دەكات، پاش نزیكبوونەوەی وادەی ١٠٠ ڕۆژ لە تەمەنی حكومەتی "محەمەد سودانی"، هێشتا بەرەوپێشچوونی زۆر بنەڕەتی لە ڕەوشی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا نییە كە لەسەر بنەمای چارەسەری ڕیشەییی هەندێك لە كێشەكان بێت.

 

باس لەوەش دەكات پاش سێ مانگ لە پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییەیش (إدارە الدولە) هێشتا حكومەت و چوارچێوە سیاسییەكەی لە سێ دۆسیەی سەرەكیدا چەقیان بەستووە كە ئەوانیش بریتین لە: جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە سیاسییە دووقۆڵییەكان، پەسەندكردن و ڕەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان و، یەكخستنی دیدی پشتیوانانی حكومەت لەبارەی زۆر پرسی هەستیار.

 

توێژینەوەكە باس لەوەش دەكات لە بەرنامەی كاری حكومەتی نوێدا ماوەی شەش مانگ بۆ یەكلاكردنەوەی دوو یاسای گرنگ دانراوە، كە ئەوانیش یاساكانی نەوت و گازو یاسای دادگەی فیدراڵییە؛ بەڵام نیوەی ماوەی دیاریكراو تێپەڕی كردووە بەبێ ئەوەی بەرەوپێشچوونی گەورە هەبێت لەبارەی ئەو دوو یاسایە كە گرنگیی زۆریان لە خستنەسەرپێی پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغدا هەیە. ئەمەیش بە مانای مانەوەی چارەسەرە كاتی و كورتمەوداكانە وەك تاقە بژاردە، لە كاتێكدا ئەم چارەسەر كاتییانە ئۆقرەیی و دڵنیاییی سیاسی و ئابووریی لێ ناكەوێتەوە؛ هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێم هەر بەبێ بودجەی جێگیر بمێنێتەوە، هەر بەم هۆیەیشەوە تێپەڕاندنی بودجەی فیدراڵی لە وادەی خۆی دواكەوتووە .

 

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، مانەوەی دادگەی فیدراڵی بە هەمان پەیكەری كۆن وایكردووە، هەولێرو بەغدا زۆرجار لە گرژی و كێشمەكێشدا بن لەگەڵ لێكەوتەكانی بڕیاری دادگەی فیدراڵی كە زەقترینیان لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕەتكردنەوەو هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم دەچووە.

 

بە گوێرەی توێژینەوەكە لەسەر ئاستی ناوخۆییی عێراق باوەڕ وایە 2023 ساڵی گەڕانەوەی سەدرییەكان بێت بۆ سەر شانۆی سیاسیی عێراق، هەر هیچ نەبێت لە دەروازەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقەوە كە لەئێستاوە ئامادەكاریی بۆ دەكرێت لە ئۆكتۆبەری 2023 بەڕێوە بچێت بەر لە دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیش سەدرییەكان ڕۆژی هەینی (12ی كانوونی دووەمی 2023) نوێژێكی هەینیی "یەكگرتوو"یان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی تری عێراق ئەنجام دا (جگە لە بەسرە)؛ ئەمەیش وەها لێكدراوەتەوە كە دەسپێك و ئامادەكاری بێت بۆ گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆسەر گۆڕەپانی سیاسی لە دەروازەی نوێژی هەینییەوە چونكە ئامادەكارییەكان جۆش و خرۆشی سەدرییەكانی بەرزكردەوە؛ لە بەرامبەریشدا بووە مایەی نیگەرانی بۆ هێزەكانی چوارچێوەی شیعە .

 

 ئەوەش خراوەتەڕوو لە ئەزموونی نوێژەكەوە دەركەوت جەماوەری سەدر هیچ باكیان بە بڕیارە كتوپڕو بەپەلەكانی ڕێبەرەكەیان نییە كە دەشێت گورزی لێ دابن؛ هەر كاتیش موقتەدا بیەوێت بەكەیفی خۆی جووڵەیان پێ دەكات و سەرمایە كۆمەڵایەتی و بنكە جەماوەرییەكەی هەروەك خۆیەتی. هەندێك بۆچوونیش پێیان وایە تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ بەسەر تەمەنی حكومەتی سودانی و كۆتاییهاتنی پاڵەوانێتیی جامی كەنداو، پاساوێكی بەجێن بۆ گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ شانۆی سیاسی.

 

تێكڕای ئەم ئەگەرو گۆڕانە چاوەڕوانكراوانەیش لە بەغدا بەشێوازی جۆراوجۆر كاریگەرییان لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، بەتایبەت ئەگەر سەدرییەكان دەرفەت بقۆزنەوەو ناڕەزایی دژی حكومەتی چوارچێوەی شیعە بەرپا بكەن، ئەوە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەپێشنەی گرنگیدانی حكومەت نابن و، ئەم ئەزمونەیش لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی پێشینەی هەیە كە خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 نەیهێشت لەگەڵ حكومەتی هەرێم ڕێككەوتنەكەی تەواو بكات.