ناس کورد-
بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان و لە سبەینێوە بایەکی وشک و سارد ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاراس جەبار، کەشناسی دیاری هەرێمی کوردستان (٢١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣) دەڵێت، "لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری ئەو بەرزە پاڵەپەستۆیەی لەسەر باکوری ناوچەکە جێگیربووە کەشی ھەرێمی بەدرێژای ئەم ھەفتەیە بەسەقامگیری دەمێنێتەوە، لە سبەی ئێوارەی یەکشەمەوە لە ئەنجامی ھاتنی بارستە ھەوایەکی سارد و وشکی سیبیریا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی وڵاتی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بایەکی وشک و سارد ناوچە شاخاویەکانی رۆژھەڵات و باکوری رۆژھەڵاتی ھەرێم ئەگرێتەوە بەھۆیەوە پلەکانی گەرما تا کۆتای ئەم ھەفتە لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر بەرێژەی ٢ تا ٥ پلە نزمبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت و خێرای با ناوبەناو لەگەڵیدا چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥ تا ٣٥ کم/س، لەتەواوی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمدا پلەکانی گەرما ١ بۆ ٢ پلە نزمدەبنەوە و رۆژی پێنجشەممە کۆتای بەکاریگەری ئەم وشکە سەرمایە دێت."
دەشڵێت، "لەسەرەتای ھەفتەی ئایندەوە پشتیوان بەخودا کاریگەری شەپۆلێکی چالاکی بارانبارین لەدەریای ناوەراستەوە بۆ سەر تەواوی ناوچەکانمان درێژ ئەبێتەوە ئەگەر ھەیە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوامی ھەبێت".