ناس کورد-
ئاسایشی سلێمانی باندێکی دزینی ئۆتۆمبێل ئاشکرادەکات و ئەندامەکانیان دەستگیردەکەن کە لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکیان فریوداوە و کاری تاوانکارییان ئەنجام داوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا (٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣) ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتی ( حەیدەر جەلال ) بەڕەگەز عەرەب ئاگادار کراینەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری ( تۆیۆتا هایلۆکس ٢٠٢٢ ) لە ناوشاری سلێمانی دزراوە ، پاش ڕەزامەندی دادوەر دەستبەجێ هێزەکانمان دەستیانکرد بەلێکۆڵینەوە و لەئەنجامی بەدواداچون زانیاری بەدەست هات لەسەر ئەم ڕووداوە ، لە ماوەی چەند سەعاتێکدا سەرجەم ئەندامانی ئەو باندە دەستگیرکران کە پێکهاتبوون لە هەر سێ تۆمەتبار ( ع , ع ، م ) ، ( ه ، ح ، ح ) ، ( پ ، ک ، ح )بە ڕەگەز کورد تەمەنیان لە نێوان (٣٠-٣٥) ساڵدایە."
دەشڵێت، "بەپێی لێکۆڵینەوەکان کاری ئەم باندە فریودانی ئەوکەسانەبووە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە مامەڵەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەن ، بەو پاساوە ئەم فرۆشیارەیان لە شاری کەربەلاوە هێناوەتە سلێمانی و لەکاتی ( ترایی ) تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لێی دەدزن."
ئاسایش جەختیکردووەتەوە کە "بۆ هەموو لایەکی ڕوندەکەینەوە سەرجەم تۆمەتباران ڕووبەڕوی یاسا کراونەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە و پاش تەواوبونی ڕێکارە یاساییەکان ئۆتۆمبێلەکەش دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکەی."