ناس کورد-
لەسەر ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەی نيشتەجێبوون بە ئافرەتانی داڵدەدراو و ئەو مێرمنداڵە بێسەرپەرشتانەی تەمەنیان گەیشتووەتە سەرەوەی ١٨ ساڵ دەبەخشرێت و لەمەودوا خانەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جێدەهێڵن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بە پێی فەرمانێکی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەستەی وەبەرهێنان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئافرەتانی داڵدەدراوی خانەی داڵدەدەرانی ئافرەتان و ئەو مێرمنداڵانە داوە كە تەمەنیان گەیشتووەتە سەرەوەی ١٨ ساڵ و لە خانەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ژیاون.
یەکەی نیشتەجێبوونەكان لەو ٢٠ هەزار یەکانە دابین دەکرێن کە بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ھاووڵاتییانی کەمدەرامەت دروستی بکات.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پێشتر لە داواکارییەکدا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای تەرخانکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ ئەو منداڵانە كردبوو کە تەمەنیان دەگاتە سەروو ھەژدە ساڵ و لە خانەکان نامێنن، هەروەها بۆ ئەو ژنانەش كە لە خانەكانی داڵدەدانی ئافرەتانی ھەڕەشەلێکراون و پاش چارەسەری کێشەکانیان ناچنەوە ناو كەسوكاریان.