گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێگە بە ئاگرکردنەوەش نادرێت

هەموو جۆرە چالاکییەکی نەورۆز لە عەفرین قەدەغەدەکرێت

2019.03.16 - 23:29
هەموو جۆرە چالاکییەکی نەورۆز لە عەفرین قەدەغەدەکرێت

 

ناس کورد-

 

"ڕۆژی 20ی ئازار پشوونییە و ڕێگە بە هاوڵاتیان نادرێت لەو ڕۆژەدا خۆپیشاندان بکەن یاخود ئاگر بکەنەوە،" ئەمە ڕاگەیەندراوێکی هێزەکانی نزیک لە تورکیایە لە شاری عەفرین چەند ڕۆژێک بەر لە جەژنی نەورۆز.


بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە و واژۆی عەبدولموتەلیب شێخ نەسعان پێوەیەی و خۆی وەک "بەڕێوەبەری ئەنجومەن" ناساندووە، هەموو چالاکییەکانی پەیوەست بە نەورۆز لە شاری عەفرینی ڕۆژاڤای کوردستان قەدەغەکراوە.


لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە بەهەردوو زمانی عەرەبی و تورکی نووسراوە هاتووە "لە ڕۆژی یەکشەممە 20ی ئازاری 2019 و هەر ڕۆژێکی دیکە، هیچ پشوویەکی فەرمی نییە بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە. هەموو دامەزراوە فەرمییەکان لەکارکردن بەردەوام دەبن لە ئەنجومەنی خۆجێی و دادگاکان و پەروەردە و ناوەندی تەندروستی و قوتابخانەکان."

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە لە ڕۆژی 21ی ئازار و ڕۆژەکانی دیکەشدا "ڕێگە بە هاوڵاتیان نادرێت بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە هیچ چالاکییەک بکەن وەک خۆپیشاندان، بەپیادە ڕۆشتن، ئاگارکردنەوە و ئاهەنگگێڕان."

 

ئەوەش لە کاتێکدایە نەورۆز جەژنێکی نەتەوەیی گەلی کوردە و شاری عەفرینیش زۆرینەی دانیشتووانەکانی کوردن، بەڵام ماوەی نزیکەی ساڵێکە لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنە سوورییەکان بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی تورکیا داگیرکراوە و ڕێگە بە هیچ جۆرە چالاکییەکی کورد لەو شارە نادرێت.

 

Image may contain: text