گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەند ڕێگایەکی کاریگەر

نەخۆشی خووگرتن بە فەیسبوک و مۆبایل چییە و چۆن ڕزگارمان دەبێت لێی

2022.12.19 - 11:14
App store icon Play store icon Play store icon
نەخۆشی خووگرتن بە فەیسبوک و مۆبایل چییە و چۆن ڕزگارمان دەبێت لێی

ناس کورد-

رەنگە تۆش کەوتبیتە ناو ئەم گێژاوەوە! ملیارو نیوێک مرۆڤ، لە رۆژێکدا ٨٥ جار دەست دەبەن بۆ مۆبایلەکانیان و نزیکەی دوو کاتژمێریش فەیسبووک بەکاردەھێن! دنیای دیجیتاڵ نەک ھەر "کات"، بەڵکو "سەربەخۆیی"شی لێ سەندوینەتەوەو ناھێڵێت ئەو کارانە بکەیت کە پێویستن! بەڵام دەتوانیت بڕیار بدەیت ئەمە سروشتی ژیان و رێگەی داھاتووت نەبێت، بۆئەمەش پسپۆڕان رێگەچارەی دەرونی و تەکنیکییان داناوە کە وادەکات لەناو ئەم ژاوەژاوەدا ژیانێکی بێدەنگ ھەڵبژێریت!

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

خالید عومەر لە پەنسلڤانیا بابەتێکی لەژێر ناوی "ژیانێکی بێدەنگ لە سەردەمی ژاوەژاودا، دیجیتاڵ مینیماڵیزم" ئامادەکردووە و باشترین ئەو ڕێگایانەی ڕیز کردووە کە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گونجاون.

me_ga.php?id=5908

دەقی بابەتەکە:

 

ئێمە بۆ ئەم مەبەستە نەھاتبوین!

ئەوەی ئێستا لە فەیسبووک پێوەی سەرقاڵیت، یان بە ئایفۆنەکەت ئەنجامی دەدەیت، ئەو ئامانجە نییە کە فەیسبووکی بۆ دامەزراو ئایفۆنی بۆ دروستکرا! فەیسبووک سەرەتا وەک پێگەیەک بۆ یەکترناسین و پەیوەندیبەستن دامەزرا، وەکو ئێستا خزمەتگوزاریەکانی فراوان نەبوون و بەکارھێنەرانیشی لەکاتی بەتاڵیداو تەنانەت دوای تەواوبوون لە یاریکردن بەکاریان دەھێنا.

ستیڤ جۆبس لە ئاھەنگی ناساندنی ئایفۆن لە ساڵی ٢٠٠٧، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم ئامێرە نوێیە کۆکەرەوەی ئای پۆدو مۆبایلە، رزگارت ئەکات لەوەی زیاتر لە ئامێرێک بخەیتە گیرفانتەوە، بەشێکی زۆری قسەکانی تەرخانکرد بۆ باسی خاسیەتە میدیاییەکانی وەک کارپێکردنی دەنگ و ڤیدیۆ. باسی لەوەشکرد کە چیتر جێگەی کیبۆرد وەک بەشێکی پلاستیکی لەناو ئایفۆندا نەماوەو گۆرانکاری لە نامەنوسیندا کراوەو نامەی دەنگیش ئاسانتر کۆنترۆڵ دەکرێت. ئاندی گریگنۆن کە یەکێبووە لە ئەندامە سەرەکیەکانی تیمی ئایفۆن لەوکاتەدا، دەڵێت ئامانجمان ئەوەبوو ئایفۆن بکەینە ئامێرێک کە ھەم پەیوەندی تەلەفۆنی پێبکرێت، ھەم مۆسیقای پێ لێبدرێت!

 

ئەوکات خەڵک کە ئایفۆنیان دەکڕی، (ئەپ ستۆر)ی تێدا نەبوو، نۆتیفیکەیشنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان بۆ نەدەھات، بەدەم نانخواردنەوە دە جار دەستیان بۆ مۆبایلەکانیان نەدەبرد، بەڵام وەک دەبینن ئێستا چیرۆکەکە تەواو جیاوازە، ئایفۆن و فەیسبووک بۆ ئامانجگەلێک بەکاردەھێرێن کە ھیچ پەیوەندییان بەسەرەتاکانیانەوە نەماوە! بۆ مەبەستێکی تر ھاتین و لەناو گێژاوێکدا ون بوین! تۆ ئێستا کە رۆژانە چەند کاتژمێرێک بەدیار مۆبایلەوە بەسەردەبەیت ھی ئەوە نییە کە تەمبەڵیت، بەڵکو ھی ئەوەیە کەسانێک بە ترلیۆن دۆلاریان سەرف کردووە تا ئەمە رووبدات! تریستن ھاری، ھاودامەزرێنەری گوگڵ لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا مۆبایلەکەی بەرزکردەوەو وتی ئەمە ئەو چاڵەیە کە کۆمپانیاکان لەوێوە فڕێت دەدەنە ناو دونیایەکی ناسروشتییەوەو ھەوڵدەدەن تا بتوانن زیاتر لەناویا بتھێڵنەوە، چونکە ئەوە ئەو شوێنەیە کە ئەوان پارەی تیا پەیدا دەکەن! فەیسبووک بۆئەوە دامەزرا تا پەیوەندییەک کۆمەڵایەتیەکان زیادو پتەو بن، ئەمرۆ لێکۆڵینەوەکان سەلماندویانە کە: ئەوانەی فەیسبووک زۆر بەکاردەھێنن، زۆرتر توشی تەنھایی بوون!

 

چەند تەڵەیەک بۆ توشبوون بە گرفت و نەخۆشی دەرونی

ئەگەرچی خوگرتن (ئیدمان) پێشتر تەنھا بۆ شتە بەرجەستەکانی وەک کحول و جگەرە بەکاردەھات،
بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ و دواتر لە لە ٢٠١٣ لە جۆرناڵ و سەرچاوە زانستیەکانی ئەمریکادا، خوگرتن بە ھەندێک لە ماڵپەرەکانەوە وەک نەخۆشی دەرونی "رەفتاریی" ناوبرا.

با ئەمە زیاتر رونبکەینەوە. خوگرتن لە سادەترین پێناسەدا بریتییە لە بەکارھێنانی شتێک یان ئەنجامدانی رەفتارێک و دووبارەکردنەوەی بە بەردەوامی، چونکە ئەمە دەبێتەھۆی چێژبەخشین و رازیکردنی ئەنجامدەر ھەرچەندە کارەکەی لە بنەرەتەوە زیانبەخشە! تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بە مەبەست وادروستکراون کە خوگرتن زیاد بکەن! ئەمرۆ لە فەیسبووکدا خەڵکانێک خویان گرتووە بە قومارێکەوە، پۆستێک دەکەن و چاوەڕێی لایک و کاردانەوەو کۆمێنتی خەڵکن، ئەگەر لایک و کۆمێنتیان بۆ ھات دڵخۆش و بە پێچەوانەشەوە خەمبار دەبن، لەمکارەش بەردەوامن. ھاوکات لایک و کۆمێنت وەک قبوڵکردن یان رەتکردنەوە لەلایەن کۆمەڵگەشەوە سەیردەکرێت! شارەزایان پێیان وایە دەرئەنجامە دەرونیە مەترسیدارەکانی ئەم خوگرتنە، بەتەواوی نازانرێت، بەڵام کەمترە لە کاریگەری خوگرتن بە مادە کیمیاییەکانەوە.

بەھەمانشێوە تاگ کردن دەبێتە ھۆیەک بۆ کێشەی کۆمەلایەتی و دەرونی. تاگ کردن وەک ئەوەیە بڵێیت فەیسبووک رێگەیەکی داناوە تا بزانێت کێ تۆی لەبیرە! کاتێک وێنەیەک دادەنێیت لەرێگەی (ئەلگۆریسمەوە) دەموچاوەکانی ناو وێنەکە دەناسرێنەوەو بژاردەی ئەوەت پێدەدات کە تاگیان دەکەیت یان نا؟ بە مانایەکی تر ئایا ئەوانت لەبیرە یان نا؟ لە رووی تەکنیکییەوە دەکرا ئەم تاگ کردنە خۆکرد بێت و راستەوخۆ بەرنامەکە بۆت بکات، بەلام بژاردەی بەڵێ و نەخێری داناوە تا دڵنیابێت لەوەی پەیوەندیەکەتان ماوە یان نا، بەھەمانشێوە بۆ بەرامبەریش بژاردەی ھەیە کە دەیەوێت وێنەکە لای ئەویش دەربکەوێت یان نا، ئەمەش جۆرێکە لە قبوڵ و رەتکردنەوە لەلایەن ئەوانی ترەوە! جگە لەمەش دیزاینکردنی ئەم بابەتە بەمشێوەیە وادەکات نۆتیفیکەیشن بۆ بەشداربوان زیاتر بڕوات کە ئەمەش جارێکی دیکە بەکارھێنان و ئیدمان زیاتر دەکات.

How to embrace digital minimalism - Reader's Digest

بەڵێ بەبێ تەکنەلۆژیا باشتر ئەژیت!

ئەرستۆ وتویەتی: مرۆڤ بە سروشت بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. واتە خۆمان بە یارمەتی مێشک و بەبێ ئامێر ئەتوانین پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست بکەین، ئەبێ دڵتەنگ بین بەوەی کە کۆمەڵێک ئەپ خەریکن سروشتی مرۆڤانەی خۆمان لێ دەسەننەوەو رێگەیەکی تریان بۆ پەیوەندیەکانمان داناوە.

ماتیۆ لیبەرمانی دەرونزان دەڵێت؛ گەشەی مێشک لە ملیۆنان ساڵی رابردوودا بۆ ئەوە نەبووە کە بگات بەوەی کاتە زیادەکان بە شتێکەوە بەسەر ببەین کە پەیوەندی بە ژیانەوە نەبێت!. مێشک خۆی دەتوانێت نەخشەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەھێزو جۆراوجۆر بکێشێت.

وەک پێشتر وتمان، تۆرە کۆمەلایەتیەکان زیانیان بۆ مرۆڤ و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ھەبووە، لێرەشدا بە خستنەرووی دوو نمونە پاڵپشتی بۆچونەکە دەکەین.

توێژینەوەیەکی زانکۆی پیتسبێرگ کە لە لایەن برایان پریمارکەوە ئەنجامدراوە گەشتووە بەم ئەنجامە: تا زیاتر لەخەت بیت (کۆنێکت بیت لە تۆرە کۆمەلایەتیەکان) زیاتر بەرەو تەنھایی دەچیت!

بەگوێرەی توێژینەوەکی زانکۆی کالیفۆرنیا کە ھۆڵی شاکی ئەنجامیداوە: بەکارھێنانی فەیسووک کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ جێدەھێڵێت.

ھەردوو توێژینەوەکە راستییەکان دوپات کردۆتەوە: تا زیاتر ئۆنلاین بیت، پەیوەندیە ئۆفلاینەکانت کەمتر دەبنەوە. جا لەبەرئەوەی مرۆڤ لە بنەرەتەوە بۆ پەیوەندی ئۆفلاین دروست بووە، بە پەیوەندی ئۆنلاین دەڕوخێت!

Digital Minimalism: Simplifying your Digital Life | Simplified Mind


دانانی سنورێک بۆ تەکنەلۆجیا
زیانەکانی ئامێرەکانی پەیوەندی بە گشتی و تۆرە کۆمەلایەتیەکان بەتایبەتی، لەوە زیاترە کە باسکرا یان لێرەو لەوێ شتێکمان لەبارەیەوە خوێندۆتەوە، ھەربۆیە پێویستە بەکارھێنانی سنوردار بکرێت. ھەرکات باسی سنوردارکردنی تەکنەلۆجیا دەکرێت خەڵکانێک ئەمکارە بە مەحاڵ دەزان بەپاساوی ئەوەی کە بووەتە پێویستییەکی رۆژانە، بەلام لەراستیدا ئەوەی دەبینرێت بەکارھێنانەکە لە پێویست زۆر زیاترە.

لەمبارەیەوە ئێستا زاراوەی کەمگەرایی دیجیتاڵی (دیجیتاڵ مینیماڵیزم) * ھاتۆتە ئاراوە. کەمگەرایی دیجیتاڵی: فەلسەفەیەکی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایە، بەو مانایەی کاتەکانی ئۆنلاینمان لە ژمارەیەکی کەم لەو چالاکییە باش و بە وردی هەڵبژێردراوانەدا چڕ بکەینەوە کە بە توندی پشتگیری لەو شتانە دەکەن کە لای ئێمە بەھایان ھەیە، ھەروەھا بە خۆشحاڵییەوە واز لە ھەموو چالاکیەکانی تر دەھێنین. رونتر بدوێین: کاتێکی کەم دیاریدەکەین بۆ بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا، لەمکاتەشدا ئەو شتانە دەکەین کە خۆمان ھەلمانبژاردووەو بەلامانەوە باشە، وە خزمەت بەو بەھایانە دەکەن کە باوەرمان پێیەتی یان گرنگن، لەھەمانکاتدا بێ دودڵی و بێتاقەتیی واز لە ھەموو شتە ناپێویست و زیادەکانی تر دەھێنین.

بۆ نمونە، لەجیاتی ئەوەی ئەپەکان نۆتیفیکەیشن بنێرن و راتکێشنە ناو تۆرەکەو چیان ئەوێ پێت بکەن، تۆ ئەپەکەو کات و مەبەستی بەکارھێنانی دیاریدەکەیت!

 

بۆ دەبێت ئەمکارە بکەین؟

کەمگەرایی یان مینیماڵیزمی دیجیتاڵی گرنگە، چونکە:
• سەرقاڵیی، زەرەری لە قازانجی زیاترە! ئێمە ھەموو 'کات' و 'تەرکیز'ی خۆمان لە مۆبایل و ئەپ و خزمەتگوزاریەکانیاندا خەرج کردووە، لە بەرامبەردا ئەوەی بەدەستمانھێناوە کەمترە لە تێچونەکەی!

• ھەمیشە چاکسازی لە ژیاندا گرنگە!

• ئەو کارەی بەمەبەست ئەیکەیت دڵ و مێشک رازی دەکات. کاتێک خۆمان بەرنامە بۆ بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا دادەنێین، رەزامەندی خود بەرامبەر ئەنجامەکانی زیاترو دڵخۆشکەرن و سودەکەشی زیاترە.


ئەم ھەنگاوانە بنێ
بۆ کەمگەرایی دیجیتاڵی، پێویستمان بە ئامادەکاریی زیھنییە، سەرەتا ئەم ھەنگاوانە گرنگن

یەکەم؛ یاسای بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا دابنێ. بڕیار بدە کە ئەو ئامێرو ئاپ و خزمەتگوزاریانەی بەکاریدەھێنیت کارێکی ئارەزومەندانە بێت و دورکەوتنەوە لێیان وەک کەلێن لە ژیانتدا سەیر نەکەیت.

دووەم؛ خۆت لە ژەھری دیجیتاڵ پاک بکەرەوە، ھاوشێوەی ئەوانەی کیتۆ دەکەن و بۆ پاکبوونەوەی جەستەیان شەکر ناخۆن، بۆ کەمگەرایی دیجیتاڵیش ئەم ھەنگاوە بەسودە. یەکسەر بڕیار بدەو یەک مانگ تۆرە کۆمەلایەتیەکان بەکارمەھێنە، ئیسراحەتێک بە مێشکت بدەو بیر بکەرەوە دوای ئەوەی گەڕایتەوە چی گرنگە بیکەیت.

سودی دورکەوتنەوە لەوەدایە کە دەتوانی بیربکەیتەوە بەشێوەیەک کاریگەری ئەوانی ترت لەسەر نەبێت، بیرۆکەی تازەت بۆ دێت، ھەستەکانت رێک و سروشتی دەبنەوە، کەمتر لەژێر کاریگەری بەرامبەردا دەبن، کاتی زیاترت ئەبێت بۆ قسەوباس لەگەڵ کەسە نزیکەکانت.


سێھەم؛ دوای بڕیارو بیرکردنەوەکەت، دوای پاکبوونەوەت لە ژەھرو دورکەوتنەوەکەت، ئێستا لە سەرەتایەکی نوێوە دەستپێبکەرەوە، چۆن؟ لە بڕگەی داھاتوو باسی دەکەین.

9 Digital Minimalism Tips: Simplify your Digital Life - Green With Less

بەرنامەی بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا
• رێکخستنەوەی ئامێرەکان؛ ئامێرەکان بۆ یەک مەبەست بەکاربھێنە، ئەگەر لە شوێنی کارەکەت کۆمپیوتەر بەکاردەھێنیت، ھەوڵبدە لەوێوە سۆشیال میدیاکان بەکار نەھێنیت، ئەو کارە تەنھا بە مۆبایل بکە، بەمشێوەیە کەمێک لەو تۆرانە دوردەکەویتەوەو زیاتر تەرکیزت لەسەر کارەکەت دەبێت.

• رێکخستنەوەی ئەپەکان: لە ناو مۆبایلەکەتدا ئەو ئەپانەی ھاوشێوەی یەکن تەنھا یەک دانەیان بھێڵەرەوە، بۆنمونە ناکرێت بۆ پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان فەیسبووک و ئینستاگرامیشت ھەبێت، کامیان باوترو گونجاوترە لەناو ھاورێ و کەسوکار ئەوەیان بکە بە سەرەکی و ئەوانی دیکە بسڕەوە.

• رێکخستنەوەی بەکارھێنان: دوای ئەوەی پاکسازیمان لە ئەپەکان کرد، دەبێت پاکسازی لە مەبەستی بەکارھێنانیش بکەین. بۆنمونە فەیسبووک دەکەینە تاکە تۆڕی پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان و تیایدا تەنھا ھاوڕێ و کەسە نزیکەکان وەردەگرین نەک سەدان پەیج و کەسایەتی، بەکارھێنانیشی کورتدەکەینەوە بۆ ئەو مەبەستەی کە ئەپەکەی بۆ دروستکراوە وەک ھەواڵپرسین نەک سەیرکردنی ڤیدیۆو کۆمێنت نوسین بۆ پەیجەکان.

• رێکخستنەوەی کات: دیاری بکە رۆژانە لە چ کاتێکدا فەیسبووک بەکاربھێنیت و بۆ ماوەی چەند، بۆنمونە پاش تەواوبوون لە کار نیو کاتژمێر.

بۆ ھەندێک لەم ھەنگاوانە دەتوانیت سود لە خودی تەکنەلۆجیا وەربگریت، بۆنمونە رێکخستنی تایبەت ھەیە کە پاش ماوەیەکی دیارکراو لە بەکارھێنان، ئەپەکان قفڵ دەکات، یان سود لە ھەندێ سەرچاوە وەربگرە بۆنمونە وێبسایتی (Freedom.to).

بیرت بێت وەک لە پێشتر وتمان بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا بەم رادەیەش بکە بە ئارەزوومەندانە، ھەندێک رۆژ ھەر بەکاری مەھێنە، جار جار مۆبایلەکەت لە ماڵ جێبھێڵەو برۆ پیاسەیەک بکە.

 

پێشنیار بۆ ژیانێکی باشتر
ئەو کاتە بەتاڵەی دوای دورکەوتنەوە لە سۆشیال میدیا بەدەستی دەھێنین، دەبێ بۆ شتگەلێک تەرخانی بکەین کە وابکات باشتر بژین. لێرەدا سێ پێشنیار دەخەینە روو کە رەنگە بەدیھێنانیان پێویستی بە ھەوڵ و راوێژی نزیکەکانت بێت

• سەرچاوەی بژێویت باشتر بکە، وابکە داراییت بەجۆرێک گەشە بکات تەواو پشت بەخۆت ببەستیت. ئەمەش متمابە بەخۆبوون بەھێزدەکات و وادەکات چالاکی وەک وەرزش و سەفەر ئاسانتربێت.

• ھەوڵبدە خۆت فێری کارێک یان ھونەرێکی دەستی بکە.

• بەشداری لە چالاکیە کۆمەلایەتیەکاندا بکە (گروپی تۆپی پێ یان مەلەو شاخڕەوی، سەردانی کتێبخانە..) بە کورتی ئەو چالاکیانەی لە دنیای راستەقینەدا دەکرێن.

 

تێبینی:
• وشەی کەمگەرایی دیجیتاڵی وەک وەرگێڕانی دیجیتاڵ مینیماڵیزم بەکارھاتووە، وەرگێڕانی دیکەم لە کوردیدا نەبینیوەو نازانم ئەمە چەند دروستە.
• لە زۆربەی نمونەکاندا باسی ئەپ و فەیسبووک کراوە تەنھا بۆ رونکردنەوەو تێگەشتن، بەلام دەشێت ئەوەی ژیانی تێکدابین یاری ئەلکترۆنی یان ھەرشتێکی ھاوشێوە بێت.
• بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سود لەم کتێبە ببینن:
Digital Minimalism (choosing a focused life in a noisy world), Cal Newport

Digital Minimalism': How To Hang Up On Your Phone Addiction | WBUR