ناس کورد-
بهڕێوهبهری ڕێگاوبانی سلێمانی ئاشکرایکرد، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تونێلی دەربەندیخان دەکرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەممەد جەمیل، بەڕێوەبەری رێگاوبانی سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا هێڵەکانی هاتوچۆیە و ئەویش لەم دوو رۆژە تەواو دەبێت.
گوتیشی: "رۆژی یەکشەممە تونێلی دەربەندیخان بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و بڕیاره هەر لەوێ وەزیری ئاوەدانکردنەوە کارکردن لە پڕۆژەیەکی نوێ رابگەیهنێت".
رۆژی 4ی تشرینی یهكهمی 2022، دەست بە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان کرا و بەهۆیەوە تائێستا تونێلەکە داخراوە.
نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دوای ئەوە هات رۆژی 28ی نیسانی 2022، لە بەردەم تونێلی دەربەندیخان رووداوێکی وەرگەڕان و گڕگرتنی تانکەرێکی سووتەمەنی روویدا، بەوهۆیەوە پێنج ئۆتۆمبێل بە تەواوی سووتان و دوو کەسیش بریندار بوون، زیانێکی زۆریش بەر تونێلەکە کەوت.
تونێلی دەربەندیخان قەزاکانی کفری، کەلار و دەربەندیخان بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە، لە ساڵی 1954 لەلایەن دوو کۆمپانیای ئیتاڵی و فەرەنسییەوە دروستکراوە و درێژییەکەی نزیکەی 800 مەترە.