ناس کورد-
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند، ماوەی سێ مانگە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەژێر فشاری حزبەکەی دەوامی نەکردووە، لەسەر داواکاری وەزیری پێشمەرگە و ئەنجومەنی وەزیران بریکار کارەکانی وەزارەت بەرێوەدەبات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: "ئەم کێشەیە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەڕێتەوە، ئێمە لە وەزارەت پێکەوە کارمان کردووە و هەماهەنگی و تێگەیشتنی باش لەنێوانمان هەبوو، بەڵام دیارە لێی رازی نەبوون و بە دڵی ئەوان نەبووە، رێگەیان نەدا دەوام بکات".
گوتیشی: "ئامادەنەبوونی وەزیر لە وەزارەت کاریگەری خراپ دەکاتە سەر چاکسازییەکانی وەزارەت و بەرنامەمان لەگەڵ هاوپەیمانان".
میدیاکەی پارتی لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، لە دوای سەردانەکەی وەزیری پێشمەرگە، بۆ بەریتانیا و ئەمەریکا فشاری حزبەکەی بۆ دەست لەکارکێشانەوە زیاتر بوون، بەڵام شۆڕش ئیسماعیل تا ئەوکات کۆڵی نەداوە، دوای واژۆکردنی لێکتێگەشتنی ئەمنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە هەولێر فشاری حزبەکەی زۆرتر بوون، تەنانەت لە سلێمانیش رێگەی لێگیراوە بێتەوە هەولێر دەوام بکات.
دەشڵێت، زۆری فشارەکان، شۆڕش ئیسماعیلی ناچارکردووە بچێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و مۆڵەت وەربگرێت.