گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتی داد: هێزێکی سەربازی هەڵیکوتاوە سەر فەرمانگەیەکی چەمچەماڵ

2022.12.08 - 13:35
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتی داد: هێزێکی سەربازی هەڵیکوتاوە سەر فەرمانگەیەکی چەمچەماڵ

ناس کورد-

وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوێنێ سێشەممە هێزێکی ٥٠ کەسی هەڵیانکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و بێ ئەوەی هیچ نوسراوێکی دادگایان هەبێت، سەرجەم دۆسییەکانیان بە دۆڵابەوە بردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم، دوێنێ سێشەممە "کاتژمێر (1:30)ی دوای نیوەڕۆ، هێزێکی نزیکەی (50) کەسی هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و داوایان لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکە کرد کەوا هەموو دۆسیەکانی ناوچەی (قادر کەرەم) کە نزیکەی (350 تا 400) دۆسیەیە ڕادەستیان بکات بەبێ ئەوەی هیچ نووسراوێکی فەرمیان لەلایەن دادگا یان لایەنێکی فەرمی ڕێپیدراو پێبێت".

 

دەشڵێت، "دوای ئەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ناوبراو گوێڕایەلی داواکاریەکەیان نەبوو هەڵسان بە شکاندنی قفڵی ژووری دۆسییەکان و سەرجەم دۆسییەکانی موڵکەکانی (قادر کەرەم)یان بەدۆلابەوە برد، هەروەها دیسکی کامێرای بەڕێوەبەرایەتی ئاماژە پێکراویان بردووە".

 

وەزارەتی داد جەختیکردووەتەوە کە "‎ئێمە ئەم کردەوەیە بەشکاندنی سەروەری یاسا و زێدەڕەوی لەسەر هەیبەتی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانین و پێشێلکردنێکی زەقە لەسەر بەڵگەنامە و دیکیۆمێنتی خاوەنداریەتی هاووڵاتیانی ناوچەکە، بۆیە بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر فەرمانگەکانی حکومەت دەکەین کە پێچەوانەی یاسا و بەرژەوەندی گشتییە."

 

"داواش لە سەرجەم لایەنە فەرمییەکان و دام و دەزگاکانی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەکەین بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە ئاشکرا بکەن و رێکاری یاسایی پێویستیش بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە بە سزای خۆیان بگەن و ئەم دۆسییانە بگەڕێننەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ."