ناس كورد-
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، بکوژی نیزام منارە، ئەو هاوڵاتییەی هەولێر ئەمڕۆ لەلایەن كەسێكەوە كوژرا دەستگیركرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی کانونی یەکەمی 2022 دانیشتوویەکی شاری هەولێر بە ناوی نیزام ناسر، ناسراو بە نیزام منارە، کوژرا.
پۆلیسی هەولێر ئاشکرایکرد کە "بکوژەکە هاوڕێیەکی نزیکی کوژراوەکەیە و ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە."
مەهداوی ئیسماعیل، مامی نیزام ناسر بە رووداوی گوت: "لە فەیسبووکەوە هەواڵەکەمان بیستووە، ئەو کەسەی کوشتوویەتی برادەری بووە، بەردەوام لەگەڵی بووە نیزام بەخێوی کردووە هاوکاری کردووە، وادیارە تەلەفۆنیان بۆ کردووە گوتوویانە بە ناوی تۆوە سەرانەمان لێ وەردەگرێت، ئەویش پێ ناخۆش بوو، رۆیشتووە بۆ لای و پێی گوتووە بۆچی بەناوی من سەرانە وەردەگریت و ناوی من بەد دەکەیت، لەوێ لێکتێنەگەیشتن دروستبووە و نیزام کەسێکی بەغیرەت بووە و لێیداوە، دوای ئەوە زۆر نامەردانە چووەتە سەربان لە دواوە گوللەیەکی لە شانی داوە و لە سکییەوە دەرچووە."
مامی نیزام منارە ئاماژەی بەوەدا ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی نیزام، هاوڕێیەکی نزیکی نیزام بووە، داوا دەکات تۆمەتبارەکەیان رادەست بکەن، گوتیشی تاوەکو تۆمەتبارەکەیان رادەست نەکەن، پرسە بۆ نیزام دانانێن.