گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر بزانە

به‌ریتانیا قاچاخچییەکی کوردی بەهۆکاری سەرەکی خنكانی 27 کۆچبەر دەستگیرکرد

2022.11.30 - 09:35
App store icon Play store icon Play store icon
به‌ریتانیا قاچاخچییەکی کوردی بەهۆکاری سەرەکی خنكانی 27 کۆچبەر دەستگیرکرد

ناس کورد-

پۆلیسی بەریتانیا کوردێکی دەستگیرکرد بە تۆمەتی بوونی "ڕۆڵی سەرەکیی" لە گیانلەدەستدانی 27 کۆچبەرەکەی نۆکەندی ئینگلیز کە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا، بەلەمە چووپەکەیان ژێرئاوکەوت کە 16یان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   


ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان رایگەیاند، هەرێم ئەحمەد ئەبوبەکری تەمەن 32 ساڵ لە شوێنێکی نزیک چێلتنهام لە باشووری رۆژئاوای ئینگلاند دەستگیرکراوە.



پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت، پیاوە کوردەکە گومانی لەسەرە "ئەندامی گرووپێکی تاوانی رێکخراو بێت کە نەخشەی داناوە کۆچبەرەکان بە بەلەمێکی بچووک بگوازێتەوە بەریتانیا."

لێکۆڵەرانی ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا لەگەڵ حکومەتی فەرەنسا کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی قاچاخچیەکان کە بەرپرسی تراژیدیاکەن.

لێکۆڵەرە فەرەنسییەکان تاوەکو ئێستا 10 کەسیان تۆمەتبارکردووە بە تێوەگلان لە کارەساتەکەی 24ی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو.
ئەوە خراپترین کارەساتی نۆکەندی ئینگلیز بوو لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا رووبدات.

بەلەمە چووپەکە دوای جێهێشتنی کەنارەکانی فەرەنسا نوقمبوو، لە ئەنجامدا تەنیا دووانیان نەبێت، هەموو سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە هەرێم لە دادگەی شاهانەی وێستمنستەر لە لەندەن ئامادە بێت بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دیپۆرتکردنەوەی بۆ فەرەنسا بدرێت.

کرەیگ تێرنەر، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان گوتی: "ئەمە دەستگیرکردنێکی گرنگە و بەشێکە لە لێکۆڵینەوە گرنگەکانی ئەو رووداوەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی تراژیدیانەی نێو نۆکەندەکە."

کرەیگ تێرنەر گوتیشی: "ئەو کەسەی ئەمڕۆ دەستگیرکراوە تۆمەتبارە بە گێڕانی رۆڵی سەرەکی لە کوشتنی ئەوانەی گیانیان لەدەستدا. بە کارکردن لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکانمان، رژدین لەسەر کردنی هەر کارێک لە تواناماندا بێت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ خێزانەکانی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا."

لە نێو ئەو 27 کۆچبەرەدا کە تەمەنیان 7 بۆ 47 ساڵی بوو، 16یان خەڵکی باشووری کوردستان بوون، چواریان ئەفغانستان، سێیان ئەسیوپیا، یەکێکیان سۆماڵ، یەكێک میسر و یەکێکی دیکەیان ڤێتنامی.