ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کۆبووەوە و ڕایگەیاند، دەبێت رێز لەو رێككەوتنە سیاسییانەی نێوان كورد و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان بگیرێت، هاوکات لەبارەی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنوورەکان بڕیاری پێویست دران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە 26-11-2022، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەغدا كۆبوونەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، "لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە هەماهەنگی و یەكخستنی هەوڵەكان كرایەوە لەپێناو سەرخستنی بەرنامەی حكومەت كە خۆی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی یاسا و بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەتداریدا دەبینێتەوە."
ئاماژە بەوەشکراوە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە جێبەجێكردنی ئەو خاڵە نیشتمانییانە كردەوە كە لە بەرنامەی حكومەتدا جێگیركراون و رایگەیاند، "دەبێت رێز لەو رێككەوتنە سیاسییانەی نێوان كورد و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان بگیرێت، دەستوور بكرێتە بنەمای چارەسەركردنی ریشەییانەی كێشەكان و هاوبەشیی راستەقینە پەیڕەوبكرێت، ئەمەش فاكتەرێكی گرنگی بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و كۆمەڵایەتییە لە وڵاتدا."
لەبارەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و گۆڕانكاری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، " ئەركی حكومەتی نوێیە بەشێوەیەكی یەكسان و دادپەروەرانە خزمەتی هەمووان بكات، ناكۆكییە سیاسییەكان تێكەڵی حوكمڕانی و مافەكانی هاوڵاتییان نەكرێت، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانتان دەبێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "پرسی ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان و عیراق و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنوورەکان تەوەرێکی تری گفتۆگۆکان بوو لەو بارەیەوە بڕیاری پێویست دران."