گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەموومژێکی زۆر لە شێوازی کارکردنی هەیە

پەرلەمان لێپێچینەوە لە کارەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور دەکات

2019.03.16 - 21:46
پەرلەمان لێپێچینەوە لە کارەکانی کۆمپانیای نەوتی باکور دەکات

 

 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

 

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، تەموومژێکی زۆر لە شێوازی کارکردنی کۆمپانیای نەوتی باکور هەیە، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دەیانەوێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا لێپێچینەوە لەو کۆمپانیایە بکەن.

 

 غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ناس كورد  ئاماژەی بۆ ئەوە کرد   لەلایەن سەرپەرشتیاری گشتی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاگادارکراونەتەوە كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی باكور "دەستی تیكەڵكردوە لەگەڵ كۆمپانیای (كار)ـی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە پاڵاوتنی نەوت و هەناردەكردنی نەوتی كێڵەگەی (سەفیە) كە دەكەوێتە پارێزگای موسڵەوە" .

 ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: "تا ئێستا زانیاری وردمان لانییە لە سەر كاری كۆمپانیای نەوتی  باكوور و گومان دەكرێت گەندەڵیەكی زۆرهەبێت لەناو ئەو كۆمپانیایە".

"سەرپەرشتیاری گشتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەڵگەیەكی زۆری هەیە لەسەر ئەو بابەتە و داوامانكردووە ئەو بەڵگانە ڕادەستی ئێمە بکرێت بۆ ئەوەی لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان لێپێچینەوەی لەسەر بكرێت، داوامان كردوە بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی باكوور بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری وەزارەتی نەوت،" غالب محەمەد وادەڵێت.

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە زانیارییان هەیە تا ئیستا بلۆكەكانی نەوتی عەین زالە و سەفیە "لە ژێر دەستی پارتییدایە و بیرەكانی خەباز جبور نازانرێت کێ نەوتەكەی‌ دەردەهێنێت و بۆ كوێ‌ دەڕوات." 

هەروەها ئاشکراشی دەکات کە بەڵگەیان هەیە ئەو بۆری نەوتەی كە لە كەركوكەوە بۆ توركیا دەڕوات لە چەند شوێنیكەوە كونكراو لە كەركوك و هەولێر و موسڵ و تەنانەت لە توركیاش نەوتی لێ دەبرێت."