ناس کورد-
راپۆرتێکى بنکۆڵکارى تەلەفزیۆنى سوید ئاشکرایکرد، تۆوی پیاوان پێدەچێت بەبێ پرسی خۆیان بەمەبەستی چاندنی منداڵی بلوری بەخشرابن بە کەسانی دیکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راپۆرتەکە، دوو منداڵ کە ئێستا تەمەنیان گەورەیە و بەڕێی تۆوی بەخشراو هاتوونەتە دونیا باوکە بایۆلۆجییەکەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام هەر دوو پیاوەکە دەڵێن هیچ کاتێک سپێرمیان نەبەخشیوە.
یەکێک لە منداڵەکان ساڵى 1986 لە نەخۆشخانەى هالمستا بەو رێگەیە لەدایک بووە، بەڵام نەخۆشخانەکە هیچ زانیارییەکى لەلا نەماوە لەبارەى ئەو پیاوەى سپێرمەکەى بەخشیوە، بەڵام ئەو کەسە وازینەهێناوە تا لە رێگەى پشکنینى دى ئێن ئەیەوە باوکە بایۆلۆجییەکەى دۆزیوەتەوە.
ئەو کەسە دەڵێت "بەدۆزینەوەى باوکم بارێکى قورس لەسەر شانم لاچوو، بەڵام توشى شۆک بووم کاتێک باوکم وتى هیچ کات سپێرمى نەبەخشیوە".
ئەو کەسە تەنها کەسى لەو شێوەیە نییە، بەڵکو بەپێی راپۆرتەکە کەسێکى دیکەش لە سوید هەمان چیرۆکى هەیە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو دوو پیاوە چەندین ساڵ لەمەوبەر لەهەمان شوێن لە هالمستا بەمەبەستى پشکنین تۆویان داناوە کاتێک لەگەڵ هاوسەرەکانیان نەیانتوانیوە منداڵیان ببێت و بەمەبەستى لێکۆڵینەوە پشکنینان بۆ کراوە، بەڵام دەڵێن هەرگیز نەیانوتوە تۆوەکانیان ببەخشرێتە کەسێکى دیکە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پزیشکێک بە جیاوازى حەوت ساڵ پڕۆسەى چاندنى ئەو منداڵە بلورییانەى ئەنجامداوە، بەڵام ئێستا هیچ کەسێک لە تیمى پزیشکى ئەوکات لەو نەخۆشخانەیە نەماون و نەخۆشخانەکە نازانێت بۆچى تۆى کەسانى دیکە بەخشراون.