ناس کورد-
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەدەر لە رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2020ـی وەزارەتی ناوخۆ، مۆڵەتیان بۆ دانانی سیستەمی گەرمکەرەوەی غازی ماڵان و کارگەکان و شوێنە تایبەتەکان بە هیچ کۆمپانیایەک نەداوە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن خۆیان لە بەکارهێنانی سیستەمی غاز بەدور بگرن تا رێنمایی پێویست بۆ دڵنیابون لە سەلامەتی بەکارهێنانی سیستەمەکە دەردەچێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی هەردو روداوە جەرگبڕەکەی سلێمانی و دهۆک، رادەگەیەنێت هیچ مۆڵەتێکی بۆ دانانی سیستەمی گەرمکەرەوەی غازی ماڵان و کارگەکان و شوێنە تایبەتەکان بە هیچ کۆمپانیایەک نەداوە، کە بە دەر لە رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2020 وەزارەتی ناوخۆ بێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، هەر مۆڵەتێکیش لە هەر شوێنێکەوە درابێت، بە بێ ئاگاداری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بوە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان دەکەن خۆیان لە بەکارهێنانی سیستەمی غاز بەدور بگرن تا لە ڕێگای لێژنە تایبەتەکانەوە کاری پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابون لە سەلامەتی بەکارهێنان.