ناس کورد-
کاتى زیادکراوى یارییەکان لە جامى جیهانى 2022 لە قەتەر زیاترە بەراورد بە خولەکانى پێشوو، ئەوەش بەهۆى ئاگادارکردنەوەى ناوبژیوانان لەلایەن فیفاوە لە پێویستی هەژمارکردنى کاتی وەستان و هەر کاتێکى دیەى بەفیڕۆدراو لە کاتی یارییەکەدا بە شێوەیەکی وردتر.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یارى نێوان ئینگلتەرا و ئێران کە رۆژى دووشەممە بەڕێوەچوو، درێژترین کاتى زیادکراوى بەخۆوە بینى کە لە ساڵى 1966 ەوە بێپێشینە بوو، کاتێک ناوبژیوان 13 خولەک و هەشت چرکەى بۆ گێمى دووەم زیادکرد، ، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.
گێمى یەکەمی هەمان یاری 14 خولەک و هەشت چرکە درێژکرایەوە، ئەوەش بەهۆى پێکانى گۆڵپارێزی ئێران بۆ ماوى دوو جار و چارەسەرکردنى لە یاریگا پێش ئەوەی بگۆڕدرێت.
هەروەها لە گێمی دووەمی یاریی ئەمەریکا بەرامبەر وێڵز و هۆڵەندا بەرامبەر سەنیگال زیاتر لە دە خولەک زیادکرا، کە ئەمەش شتێکی دەگمەنە لە تۆپی پێدا.
پیرلویجی کۆلینا، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا دەڵێت، فیفا دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی یارییەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت، داوای لە ناوبژیوانان کردووە کە بە وردی کاتی وەستانی یارییەکە هەژمار بکەن.
کۆلینا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هەنگاوە "نوێ نییە" و لە مۆندیالی ٢٠١٨ی ڕووسیادا ئاسایی بووە کە حەوت، هەشت یان نۆ خولەک زیادکراوە.
کۆلینا کار دەکات لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ کاتە لەدەستچووەکان لە کۆتایی یارییەکاندا. ئەمەش بە جیاکردنەوەی کاتى بەفیڕۆدانی مەبەست و دواکەوتن کە بەشێکی سەرەکین لە یارییەکەدا، وەک دەرچوونی تۆپ لە یاریگا.
کۆلینا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ESPN وتی "لە ڕووسیا هەوڵماندا وردتر بین لە قەرەبووکردنەوەی کاتە لەدەستچووەکان لە کاتی یارییەکاندا، هەر بۆیەش لە نێوان شەش بۆ هەشت خولەکی زیادەمان دەستەبەر کرد".
رونیشیکردەوە "ئەگەر لە گێمی یەکەمدا سێ گۆڵ هەبێت، ئەوا ئەگەری زۆرە نزیکەی چوار یان پێنج خولەک لەدەست بدەین بۆ ئاهەنگگێڕان و دواتر دەست بە یاریکردن دەکرێتەوە".
کۆلینا دەڵێت، سیستەمەکەى ئێستا "باشترە لەوەی لە ڕابردوودا هەبوو، کە ئەو کارە بۆ ناوبژیوان بەجێهێڵرابوو".